Mazın Asad
11 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "لە ئێستادا لە جیھان نزیکەی ١٦ وڵات بە رادەیەکی زۆر دەستیان گەیشتووەتە چەکی ناوەکی. لە نێویاندا سێ وڵات ھەن کە لەو بوارەدا ھێزێکی کاریگەریان ھەیە. ھیوادارین ئەو ھەڕەشانەی نێوان ئەمریکا-کۆریای باکوور نەگاتە ئاستی پێکدادان، چونکە لەوانەیە تەنھا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەمێنێتەوە. لەوانەیە ببێتە دەستپێکی ھەڕەشەیەکی جیاوازتر. ھیوادارین ئەو کێشانە بە رێگەچارەی سیاسیی چارەسەر بکرێن".
ئەردۆغان لە دوای ئەنجامدانی نوێژی ھەینی لە مزگەوتی حەزرەتی عەلی لە ئیستانبوڵ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی سەردانی شاندی ئەڵمانیا لە ٨ی ئەیلوول بۆ بنکەی سەربازیی قۆنیا، ئەردۆغان رایگەیاند ئەڵمانیا بە تاوتوێکردنی ئەم داوایە لەگەڵ ناتۆ، ھەڵوێستێکی ئەرێنی نیشان دا.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "بێگومان ئەمە وەک رووداوی ئینجیرلیک نییە و جیاوازە. لەو چوارچێوەیەدا لە ئێستادا وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەمان ئەم قۆناغە بەڕێوە دەبن. لە ئێستادا ئاراستەکان بە رووی ئەرێنی دەڕوات".
-بارگرژی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور"
لە وەڵامی پرسیارێک کە بارگرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور کاریگەری لەسەر بازارەکانی نێودەوڵەتی دروست کردووە، ئایا لەوبارەیەوە چاوەڕێی چ پێشھاتێک لە تورکیا دەکرێت؟ ئەردۆغان گوتی: "لە راستیدا من پێموا نییە ھیچ کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئێمە دروست بکات، بەڵام سەیرە ئەوانەی بەردەوام دژایەتی خۆیان بۆ چەکی ناوەکی دەردەبڕن، بە چەکی ناوەکی ھەڕەشە دەکەن. لە ئێستادا لە جیھان نزیکەی ١٦ وڵات بە رادەیەکی زۆر دەستیان گەیشتووەتە چەکی ناوەکی. لە نێویاندا سێ وڵات ھەن کە لەو بوارەدا ھێزێکی کاریگەریان ھەیە. ھیوادارین ئەو ھەڕەشانەی نێوان ئەمریکا-کۆریای باکوور نەگاتە ئاستی پێکدادان، چونکە لەوانەیە تەنھا لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەمێنێتەوە. لەوانەیە ببێتە دەستپێکی ھەڕەشەیەکی جیاوازتر. ھیوادارین ئەو کێشانە بە رێگەچارەی سیاسیی چارەسەر بکرێن".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی جموجۆڵی دەروازەی سنووری جیلڤەگۆزو و پێشھاتەکانی ناوچەکانی داماڵدراو لە پێکدادان لە شاری ئیدلب، ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئێمە ئێستاش ئامادەییمان بۆ ھاوکاریی مرۆیی تێدایە. لەوبارەیەوە دەروازەی جیلڤەگۆزو بە کراوەیی دەھێڵێنەوە بۆ تێپەڕبوونی خۆراک، دەرمان، جلوبەرگ و پێداویستی دیکە. بەڵام کاتێک کارەکە بۆ چەک و ئەو شتانە گۆڕا، ئەوا بەدڵنیاییەوە مەحاڵە ئێمە رێگە بەوە بدەین. کۆبوونەوەکانمان لە ئیدلب بەردەوامن، بەتایبەت دەزگای ھەواڵگریمان لەوبارەیەوە کۆبوونەوەی پێویست لەگەڵ رووسیادا ئەنجام دەدات. ھاوکات لەگەڵ ئێرانیشدا کۆبوونەوەکان درێژەیان ھەیە و دیدارەکانی پەیوەست بە ئیدلب لە مۆسکۆش بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچوون''.
-پشووی جەژنی قوربان
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی رۆژانی پشووی جەژنی قوربانەوە گوتی: "بە دڵنیاییەوە حکوومەت پلانی بۆ ١٠ رۆژ داناوە. ئەگەر رەوشەکە بگونجێت لە پێش یان پاش پشووەکە دەرفەتێکی باش بۆ گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی دەڕەخسێت و لە ئێستاوە دەستکراوە بە جموجۆڵ. -وەک نموونە لەمڕۆوە رێژەی لە سەدا ٨٠ی ئەنتاڵیا پڕبووە- ئەمەش دەرفەتێکە لە کەرتی گەشتیاریدا. رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆشکی کۆماری کۆدەبێتەوە. پێموایە ھەنگاوێکی باش دەبێت".