ئەنقەرە- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بەو پەیامەی کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رۆژی ٢٤ی نیسان بڵاویکردەوە ئاشکرایکرد سەبارەت بە رووداوە تاڵەکانی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر کە لەو جوگرافیایەی تورکیای تێدایە روویداوە، گوزارشتی بێ بنەما، بێ جێ و دژی راستیی بەکارھێناوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەدوای کۆتاییھاتنی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکەشکرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا ئەردۆغان رایگەیاند: "سەرۆکی ئەمریکا بایدن، سەبارەت بە رووداوە تاڵەکانی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر، گوزارشتی بێ بنەما، بێ جێ و دژی راستیی بەکارھێناوە. وەک تورکیا پێمانوایە کە عەقڵییەتی کێبڕکێکردن بە رووداوە تاڵەکانی مێژوو، بە دڵنیاییەوە مرۆیی نییە. بەڵام ئەگەر پەنا بۆ رێگەیەکی لەمشێوەیە ببرێت، ئەوا دەمانەوێت ئەوە وەبیربھێنینەوە کە تاکە گەل و دەوڵەت ئێمەین کە بە رووی سوور و ویژدانی ئاسوودە و دڵی دڵنیاوە، لەم کێبڕکێیە دەردەچین".
گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی نێو مێژوو، و ئاشکراکردنی راستییەکان، پێویستە بۆ ئەوانەی کە دەست و پەنجەیان لەگەڵ ئەم ئیشە نەرمکردووە، بۆ مێژوونووسان جێبھێڵرێت نەک بۆ سیاسییەکان".
ھەروەھا رایگەیاند: "ھێشتا وەڵامێکمان بۆ پێشنیازەکەمان سەبارەت بە پێکھێنانی لیژنەیەکی مێژوویی لەبارەی بانگەشەکانی ئەرمەنییەکان کە چەندین ساڵە ھەیە، وەرنەگرتووە".
سەبارەت بە ناوبردنی جینۆساید لەلایەن بایدن-ەوە، سەرکۆماری تورکیا، رایگەیاند: "پێمانوایە بە فشاری ناوەندە رادیکاڵە ئەرمەنییەکان و گرووپەکانی نەیاری تورکیا جێکراوەتەوە. لە کاتێکدا ئێمە ئەوەندە متمانەمان بە خۆمانە، لایەنی بەرامبەر وەک خاوەنی بانگەشەیەک، لەجیاتی ئەوەی بەشوێن راستییەکانەوە بێت، بە مکووڕییەوە پرسەکە بباتە نێو زەمینەیەکی سیاسییەوە، خۆی لە خۆیدا تەنھا ئەمە بەسە بۆ نیشاندانی کرۆکی کارەکە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی گوتارەکەیدا رایگەیاند: "دوای ئەوەی کە دەوڵەتی عوسمانی لە ٢٤ی نیساندا دەستگیرکردن ئەنجامدەدات، لە ٢٧ی ئایاردا یاسای 'رەوانەکردن و نیشتەجێکردن' دەرکراوە، و لە یەکی حوزەیراندا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. ئەو کارەی کراوە، لەبەرامبەر ھەڕەشەیەک یان مەترسییەکی گریمانەکراودا نەبووە، بەڵکو رێکارێکە لە بەرامبەر یاخیبوون و کۆمەڵکوژییەکی بەردەوامی ھەڵکشاودا کە بە کردەیی بەڕێوەچووە، گیراوەتەبەر".
ھەروەھا گوتی: "لە بنەڕەتدا لە ٢٤ی نیساندا ھیچ شتێک لەرووی تراژیدییەوە رووینەداوە. ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ ئەو رۆژەیە کە دەوڵەتی عوسمانی، ئەو رێکخراوانەی داخستووە کە دەستیان خستووەتە ناو دەستی ئەو وڵاتانەی کە لە دژی دەوڵەتەکە لە جەنگدا بوون و چالاکییان ئەنجامداوە، ھەروەھا ٢٣٥ کاربەدەستی دەستگیرکردوون".
راشیگەیاند: "دەوڵەتی عوسمانی لەرێگەی یاسای رەوانەکردن و نیشتەجێکردنەوە، دانیشتوانی ئەرمەنی کە ئەم چەتانە پشتیان پێی ئەستوور بووە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکانیان، بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ ناوچەی دیکە رەوانەکردووە. جگە لەوە، ئەم بڕیارە سەرجەم ئەرمەنییەکانی لەنێوخۆی وڵاتدا نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەرمەنی ئەو شوێنانەی گرتووەتەوە کە پەلاماری چەتەکان تێیدا بە چڕی بەڕێوەچووە. ئەوانەی کە رەوانەکردن و نیشتەجێکردن گرتوونییەتییەوە، تەنانەت لە راپۆرتەکانی ئەمریکاشدا، بەلایەنی زۆرەوە بە ٦٠٠ ھەزار دیارییکراون کە ژمارە راستەقینەکە کەمترە".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی رووداوەکانی ١٩١٥، رایگەیاند: "ئایا لە ئەرشیڤەکانی ئەمریکادا چەند بەڵگە ھەن، ئەگەر ھەن دەکرێت ئاشکرا بکرێن؟ ئایا لە ئەورووپا ھەن، دەکرێت ئاشکرا بکرێن؟ دەڵێین ئەوە ئەرز و ئەوە گەز".
سەرکۆماری تورکیا رووی قسەکانی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "بەڕێز بایدن، خاوەندارێتیی لەو منداڵە ئەرمەنییانە کراوە کە بێکەس بوون و ھەتیوخانەیان بۆ کراوەتەوە. ھیچ کاتێکیش بەربەست لەبەردەم ناردنی ھاوکاریی لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ ئەو ئەرمەنییانەی کە مافخوراو بوون، درووستنەکراوە".
ھەروەھا رایگەیاند: "عوسمانییەکان دانیشتووانی ئەرمەنییان بۆ شوێنێکی دیکە نەناردووە، لەسەر خاکەکەی خۆیان شوێنیان گۆڕیون. وادەی ھەفتەیەکیان دراوەتێ، ئەوانەی کە ھۆکارێکیان ھەبووبێت، بەخشراون".
گوتیشی: "لە زۆر شوێن گۆڕی بەکۆمەڵی تورکەکان ھەن کە ئەرمەنییەکان کوشتوویانن بەڵام لە ھیچ شوێنێک ناتوانن گۆڕی بە کۆمەڵی ئەرمەنییەکان بدۆزنەوە".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی زیادەگۆیی لە ژمارەی ئەو ئەرمەنییانەی گیانیان لەدەستداوە، رایگەیاند: "ژمارەی دانیشتوانی ئەرمەنی نێو دەوڵەتی عوسمانی، لەکاتی شوێن گۆڕینیان، بەھۆی پەتا، گرفتی ئەمنی یان بەھۆی پێکدادان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان، گیانیان لهدهستداوه ١٥٠ ھەزارە. بەدڵنیاییەوە ئەم ١٥٠ ھەزار کەسە، ھەریەکەیان رۆحێکە و ژمارەیەکی گرنگن. ئەوەی کە ژمارە راستەقینەکان سفرێکی دیکەیان بۆ زیادکراوە و بەوشێوەیە زێدەگۆییان پێوە کراوە، ئهمه لەلایەن خودی مێژوونووس و سیاسییە ئەرمەنییەکانەوە ددانیان پێدا نراوە".
گوتیشی: "ئەگەر دەڵێین جینۆساید، بچنە بەردەم ئاوێنە و خۆتان ھەڵبسەنگێنن".
سەرکۆماری تورکیا ھەروەھا رایگەیاند: "سەدەیەک لەمەوبەر دانیشتوانی ئەو جوگرافیایەی کە ئەمڕۆ ئەرمینیایە، زیاتر لە سەدا ٨٠یان موسڵمان بوون. لەکاتێکدا ئەمڕۆ، لە تورک و چەرکەزەکان کە موسڵمانەکان پێکدەھێنن لە ھەمان جوگرافیادا، ھیچ کەسێکی ئەوتۆ نەماوە".
لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی ئەرمەنی لە ئیستانبوڵ، گوتی: "ماوەیەک بۆ نزیکەی ٦٥٠ ھەزار بەرزبووەتەوە. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ خۆویستانە بۆ شوێنێک ناگەڕێنەوە کە تێیدا تووشی جینۆساید بوونەتەوە".
راشیگەیاند: "کاتێک کە ئەمڕۆ راستییەکان ئاشکران، ناتوانن ناوی 'جینۆساید' بلکێنن بە تورک و گەلی تورکەوە".
ھەروەھا گوتی: "ھاوشێوەی ئەوەی کە ھیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە سەبارەت بە بانگەشەکانی ئەرمەنییەکان لە ئارادا نییە، ھیچ بڕیارێکی دادگا نێودەوڵەتییەکانیش بوونی نییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا بەوەی کە دەچنە بەرەی ئەوانەی ھەڵدێن لە قسەکردن بە بەڵگە مێژووییەکانی ئەرشیڤ، بوختان و درۆ، بەوەوە ناوەستن کە دوژمنایەتی نیشانی ئێمە دەدەن بەڵکو ناپاکی لە زانستیش دەکەن".
گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە ھەست بەوە دەکەین لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا لەرێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە ھەوڵدەدرێت کە ھاوشێوەی خەیاڵەکانی سەدەیەک لەمەوبەر، لەو شوێنەی کە رێکخراوە ئەرمەنییەکان جێیانھێشت، سەرلەنوێ بخرێنەوە بواری جێبەجێکردن".
ئەردۆغان رایگەیاند: "یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەوەی ناوەندە ئەرمەنییەکان ئەوەندە لەسەر درۆی جینۆساید دەوەستن، ترسە لەوەی بە بەرپرسیار بزانرێن لەو کۆمەڵکوژیی و پێشێلکارییەی لەماوەی یەک سەدە و نیوی رابردوودا ئەنجامیانداوە".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لە خواستیان بۆ درووستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەرمینیادا کرد و رایگەیاند: "بە ھەرشێوەک دامەزراوە با ببێت، بەڵام خوازیارین لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش، پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتی ئەرمینیادا درووست بکەین. بۆ ئەمەش لەماوەی ١٦ ساڵی رابردوودا، ھەمیشە ئێمە ھەنگاوی لە خۆبردووانەمان ھاویشتووە، بەڵام بەداخەوە وەڵامێکی سەرڕاستانەمان بۆ ئەم ھەنگاوانەمان وەرنەگرتووەتەوە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لهگهڵ ئهمریكا لەدوای ھەڵوێستی ئەم دواییەی بایدن گوتی: "راگەیەندراوی پەیوەست بە ٢٤ی نیسان لەپاش دوایین پێشھاتەکان، کارێکی ئەوتۆی کرد کە چیتر پەیوەندییەکانی تورکیا-ئەمریکا زۆر لەو ئاستەی کە تێیدا بوو، دابەزیوە".
لە بەشێی دیگەی گوتەکانیشیدا باسی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی کرد و رایگەیاند: "ھەروەک چۆن سنوورەکانمان لەگەڵ عێراق و سووریا لە گێچەڵی رێکخراوە تیرۆریستییەکان پاککردەوە، لە دەرەوەی سنوورەکانیشمان رێگە بە پێکھاتەی تیرۆریستیی نادەین".
news_share_descriptionsubscription_contact

