Hakan Sarı
28 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2023
وان - AA
لاکەنداوەکانی دەریاچەی وان لە قەزای گەڤاش بە سروشتە جوان و کەنارە لماوییەکان و ئاوە پاکەکانیانەوە، بوونەتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ سروشتدۆستان.
لاکەنداوەکانی دەریاچەی وان کە بە ئاوە شین و قووڵەکانیان ناسراون، بەهۆی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەکانی گەرما لەم دواییە باوەشیان بە تایبەت بۆ ئەو سروشتدۆستانە کردووەتەوە کە ئارەزووی ئەنجامدانی کەمپ دەکەن.

سروشتدۆستان لە چوارچێوەی ئەو گەشتە سێ رۆژییەی کە لەلایەن کۆمەڵەی یانە وەرزشییەکانی ڤادی'یەوە بۆ لاکەنداوی ئاغین رێکخرابوو، کاتێکی خۆشیان بە گەڕان بە ناوچەکەدا بەسەر برد.

سەرۆکی کۆمەڵەکە، عومەر دەمەز بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ناوچەکانی ئینکۆیو و ئاغین لە دەریاچەی وان، لە گرنگترین لاکەنداوەکانی تورکیان.

دەمەز ئاماژەی بەوە دا کە سروشتدۆستان سەرسام بوون بە جوانی سروشتیی لاکەنداوەکان، گوتی: "سێ رۆژە لێرەین. بە سێ گرووپ هاتین. ئەم شوێنە سروشتێکی ناوازەی هەیە. دیمەنی خۆرئاوابوون و پاکوخاوێنی کەنار دەریا مرۆڤ سەرسام دەکات".

محەمەد تورکەن کە یەکێکە لەو کەسانەی سەردانی ناوچەکەی کردووە گوتی: "ئەم شوێنە جوگرافیایەکی هێندە جوانی هەیە، شایەنی ئەوەیە هەمووان بێن بیبینن. لاکەنداوەکانی پاک و جوانن. پێویستە بپارێزرێت و بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری".
