Rauf Maltaş
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
شانڵیئورفا – AA
لە ئاکامی ئەو لافاوەی کە لە ١٥ی ئاداردا، پارێزگای شانڵیئورفای گرتەوە و گیانلەدەستدانی ١٧ کەسی لێکەوتەوە، هەروەها بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن لیرەیش زیان بە ماڵ، شوێنکار و ئۆتۆمبێل گەیشتووە.
جگە لەو بوومەلەرزانەی شەشی شوبات کە کاریگەرییان کردە سەر شانڵیئورفا لە ١٥ی ئاداریش ئەو پارێزگایە دووچاری کارەساتێکی دەگمەنی لافاو بوویەوە.
دوای ١٠ رۆژ لە کارکردنی چڕ تواندرا تەرمی شۆفێری ئەو بارهەڵگرە بدۆزرێتەوە کە لافاو لەگەڵ خۆیدا بردبووی و گەیاندبوویە بەنداوی ئەتاتورک.
بەهۆی لافاوەکەوە زیانێکی زۆر بە شانڵیئورفا گەیشت و ١٠ هەزار و ٦٨٦ ئەرکدار لە پارێزگاکانی تورکیا بەهانای هاووڵاتییانی شانڵیئورفاوە هاتن.
پارێزگاری شانڵیئورفا، ساڵح ئایهان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەهۆی لافاوەکەوە نزیکەی دوو هەزار ماڵ، زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل و زیاتر لە ٥٠٠ شوێنکار زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، گوتی: "بەڕێژەیەکی بەرز شەقام و کۆڵانەکان پاککراونەتەوە، ژێرخان چاککراوەتەوە و زیانەکان دەستنیشان کراون".
ساڵح ئایهان بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئاکامی لافاوەکەدا بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن لیرەیش زیان بە ماڵ، شوێنکار و ئۆتۆمبێل گەیشتووە، گوتی: "ماڵ و شوێنکارە زیانبەرکەوتووەکانمان قەرەبوو کردوونەتەوە، تەنها قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئەو ئۆتۆمبێلانە ماوە کە زیانیان بەرکەوتووە. دەستنیشانکردنی زیانەکان تەواو بووە، خوا یار بێت ئەم هەفتەیە ئەوانیش قەرەبوو دەکەینەوە".