Enes Kaplan
11 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەدین ئاڵتون رایگەیاند کە سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دۆزی رەوای فەڵەستین پشتیوانی فەڵەستینییەکان بووە و هاوکات سەرکەوتووش بووە لە جوڵاندنی ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستین.
ئاڵتون لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، ھەڵسەنگاندنی بۆ ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا و فەڵەستینییەکان کرد.
ئاڵتون لەمبارەیەوە گوتی: "سەرکۆمارمان بەڕێز، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دۆزی رەوای فەڵەستین ھەمیشە لایەنگری برایانی فەڵەستینیمان بووە".
فەخرەددین ئاڵتون گوتیشی: "سەرکۆمارمان سەرکەوتوو بووە لە جوڵاندنی ھەڵوێستی وڵاتانی جیھان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر تیرۆری دەوڵەت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیڕەو دەکرێ".
ئاڵتون ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس، سەرۆکی نووسینگەی سیاسی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە، سەرکۆماری ئێندۆنێزیا جۆکۆ ویدۆدۆ، شای ئوردن عەبدوڵای دووەم و میری کوێت شێخ نەواف ئەنجامداوە و بەرەوامیش دەبێت لە پەیوەندییە دیبلۆماتیکییەکانی خۆی.