Merve Yıldızalp
01 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا فەخرەدین ئاڵتون لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرەوە ڕایگەیاند، "ڕێگە نادرێت تیرۆر نەخشەڕێی سیاسەتی تورکیا دیاری بکات، لە هەموو بوارێکدا بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە".
ئاڵتون لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم بەیانییەی ئەنقەرە، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ پۆلیسە بریندارەکان و ئاواتی سەلامەتی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنقەرە خواستووە.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا فەخرەدین ئاڵتون وێڕای ئاماژەکردن بە لەچالاکی خستنی تیرۆریستان و دواتر هەوڵەکانی بۆ لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی دۆخەکە، ڕایگەیاند، "وەک هەموو دۆخێکی هاوشێوە، داوای لە هاووڵاتیان دەکەم کە هۆشیار بن و سەرچاوەی زانیارییەکانیان سەرچاوەی فەرمی بێت. دەمەوێت دووبارەشی بکەمەوە کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەش دەکەوێتە سەر میدیاکان لەم بارەیەوە. ڕێگە نادرێت تیرۆر نەخشەڕێی سیاسەتی تورکیا دیاری بکات، لە هەموو بوارێکدا بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە".