ئەنقەرە
لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا كاندیدیبوونی سەڵاحەددین دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لە ئەنقەرە بەئامادەبوونی پەرلەمانتارانی ھەدەپە و ژمارەیەك لە نوێنەرانی رێكخراوی كۆمەڵگای مەدەنی و ئەندامانی پارتی راگەیاندرا.
لە سەرەتای كۆنگرەكە ئەندامی مەجلیسی ھەدەپە گەینجای گورسۆی سەڵاحەدین دەمیرتاشی وەک كاندیدی حزبەكەیان بۆ سەرۆكایەتی كۆماری توركیا ئاشکرا کرد.
دواتر دەمیرتاش لە وتەیەکی دا رایگەیاند: "بۆ یەكەمجار وەك خەڵك كاندیدی ئەو كۆشكەین و لە ھەڵبژاردنی سەركۆماری تورکیا، ھێڵی برایەتی، ئازادی و ئاشتیخواز لەگەڵ ھێڵی دەوڵەتچی و مەركەزییەتچی كێبڕكێ دەكا."
دەمیرتاش ئاماژەی بەوە دا گەورەترین كەموكوڕیی ھەڵبژاردنی سەركۆماری ئەوەیە كە لە ناو كاندیدەكاندا كاندیدی ئافرەت نین.
دەمیرتاش جەختی لەوە كردەوە، ئەگەر وەك سەركۆماری توركیا ھەڵبژێردرێ، ئەو پۆستە لە پێناوی خزمەتی گەل بەكار دێنێ و و لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و دوایتریدا "بۆ دابینكردنی ئاشتی ناوخۆیی لە توركیا، ھەر كێ وەك سەركۆمار ھەڵبژێردرێ، لە ھەوڵەكانمان چالاكتر دەبین."
دەمیرتاش ھەروەھا گوتی: "لەمڕۆ بە دواوە بە تێگەیشتنێكی گشتگیر، بە ھەڵمەتێك دەستبەكار دەبین،كە گەنج و ئافرەت رابەرایەتی بۆ بكەن. بە ھەوڵی گەنجەكان، ئەڕەقی نیوچەوانی كرێكار و ھەژارەكان پاڵپشتی وەردەگرین و ، دوعای دایكەكان لەگەڵ ئێمە دەبێ."
كورتەژیانی دەمیرتاش
سەڵاحەددین دەمیرتاش لە ساڵی 1973 لە شارۆچكەی پالۆ سەر بە پارێزگای ئەلعەزیز لەدایك بووە. دەرچووی بەشی یاسایە لە زانكۆی ئەنقەرە و ماوەیەك كاری پارێزەری بەڕێوە بردووە.
دەمیرتاش ھەروەھا ماوەیەك سەرۆكایەتی لقی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە دیاربەكر و بەڕێوەبەرایەتی لقی توركیای كۆمەڵەی مافی مرۆڤ و رێكخراوی ئەمنیستی (لێبوردەیی) نێودەوڵەتی بەڕێوە بردووە.
دەمیرتاش لە ساڵی 2007 وەك پەرلەمانی توركیا لە لیستی پارتی كۆمەڵگای دیموكرات ھەڵبژاردرا و دوای دامەزراندنی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە ساڵی 2010 وەك ھاوسەرۆكی ئەو پارتە ھەڵبژاردرا.
دەمیرتاش ژیانی ھاوسەرگیری پێكھێناوە و باوكی دوو منداڵە و بە ھەرسێ زمانی كوردی، توركی و ئینگلیزی دەزانێ.