Muhammet Ali Kemal
08 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2016
قارەمانمەراش - AA
سەرۆکی گشتیی هوداپار، زەکەریا یاپجیئۆغڵو سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی هەدەپە، رایگەیاند ''هیچ کەسێک تەنانەت ئەوانەش کە هەڵبژێردراون، ئازادیی ئەنجامدانی تاوانیان نییە. ئەگەر ئەنجامیدا پێویستە بەرپرسیارێتیی دەرەنجامەکەشی هەڵگرێت''.
زەکەریا یاپجیئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە شاری مەڕەش ئاماژەی بەوەکرد هەڵکشاندنی ئاستی گرژییەکان بەهۆی بە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکان و ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانی هەدەپەوە، بەسوودی هیچ کەسێک تەواونابێت.
یاپجیئۆغڵو باسی لەوەکرد لەو رووداوە تیرۆریستییانەی لەدوای دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەوە ئەنجامدراون ژمارەیەک مرۆڤ گیانیان لەدەستداوە و گوتی:
''گرتووخانە هاوشێوەی دەروازەی چوونەژوورەوە دەرگای هاتنە دەرەوەشی هەیە. ئەو کەسانەی بەنددەکرێن و دەستگیردەکرێن ئەگەر خودا تەمانیان پێبدات، ئەوا دوای ماوەیەک دێنە دەرەوە. بەڵام گۆڕ تەنها دەرگایەکی هەیە. ئەویش دەرگای چوونە ژوورەوەیە. دەرگای چوونە دەرەوەی لەم جیهانەدا نییە. ئەو کەسانەی کە بەهۆی تەقینەوەکانەوە گیانیان لەدەستداوە جارێکی دیکە ناتوانن بێنەوە ئەم دنیایە. ئەوەی کە خواستی ئێمە و چاوەڕوانیی رای گشتییە، ئەو تاوانەی لەم دنیا ئەنجامدەدرێت، تەنها نەمێنێتەوە بۆ ئەو دنیا. هیچ کەسێک تەنانەت ئەوانەش کە هەڵبژێردراون، ئازادیی ئەنجامدانی تاوانیان نییە. ئەگەر ئەنجامیدا پێویستە بەرپرسیارێتیی دەرەنجامەکەشی هەڵگرێت''.