ئەنقەرە
سەرۆكی گشتیی ھوداپار زەكەریا یاپیجیئۆغڵو گوتی: "یەكێک لە ھۆكارە سەرەكییەكانی ھێرشەكان بۆسەر ھوداپار ئەوەیە كە ھوداپار سەر بۆ ھەدەپە دانانوێنێت، چونكە ئەو كەس و لایەنانەی بۆ ھەدەپە سەر دانەنوێنن ناتوانن لە ناوچەكەدا سیاسەت بكەن".
یاپیجیئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی رابردوودا ھوداپار وەك پارتێكی ١٥ مانگی بەشداربوو و لە سەرانسەری پارێزگای دیاربەكر ٥٪ی دەنگەكانی بەدەست ھێنا و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە نزیكەی ٤٠ ھەزار كەس دەنگیان بە ھوداپار داوە".
گوتیشی: "بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنە گشتییەكانی حوەزیرانی ئەمساڵدا دەستمان بە ئامادەكاری پێویست كردووە و لە كۆی گشتیی ٨١ پارێزگادا لە ٤٨ پارێزگا بارەگای پارتەكەمان كردووەتەوە و ھێشتا زووە كە باس لەوە بكەم كە ئایە وەك پارت لە ھەڵبژاردنەكاندا بەشدار دەبین یان بە شێوەیەكی دیكە".
یاپیجیئۆغڵو هەروەها گوتی: "لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئاداری ساڵی رابردوو رێژەی ھەرە زۆری دەنگی پارتەكەمان كە ٤٠٪ بوو لە ناوچەی كۆكوتی مووش بووە و لە باتمانیش لە ھەندێک لە شارەوانییەكان ٢٨٪ی دەنگەكانمان بەدەست ھێنا، لە راستیدا ئێمە چاوەڕوانی دەنگێكی زیاترمان دەكرد بەڵام ھەلومەرجی ناوچەكە روونە لەو شوێنانەی كە ئێمە بەشداریمان لە ھەڵبژاردن كرد لە زۆربەی زۆریان ھەدەپە باڵا دەستە. لەو ناوچەیەدا كە ئێمە ٤٠٪ی دەنگەکانمان بەدەست ھێنا، بەشێكی زۆری ئەندامانی ھەدەپە دەنگیان بە ئاكپارتی دا. ئەگەر لایەنگرانی ھەدەپە لە دژی ھوداپار دەنگیان بە ئاكپارتی نەدایا، ھوداپار شارەوانی ئەو ناوچەیەی بەدەست دەھێنا".
یاپیجیئۆغڵو باسی لەوە کرد كە لایەنگرانیان تووشی هەڕشەی هەندێك خەڵك بوونەتەوە و لەو بارەیەوە گوتی: "لە كاتی ھەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئەندامانی پارتەكەمان سەردانی كامە گوند و ناوچەیان كردووە و دواتر ئەندامانی پەكەكە سەردانی ئەو گوند و ناوچانەیان كردووە و دەگوترێت ھەڕەشەیان لە خەڵك كردووە كە دەنگ بە ھوداپار نەدەن، بەڵام گوشار ھەبێت یان نەبێت ھەر رۆژێك دێت كە ھوداپاریش گەورە و بەھێز دەبێت و سەرەڕای ھەڕەشە و گوشارەكان رێژەی دەنگەكانمان بەرز دەبێتەوە و ئەو ھەڕەشانە تا رادەیەك بەردەوام دەبن، بەڵام لەمەودوا پێچەوانە دەبنەوە، بۆیە پێویستە ھەدەپە ئەم راستییانە بزانێت و یەكێک لە ھۆكارە سەرەكییەكانی ئەو ھێرشانەی دەكرێنە سەر ھوداپار ئەوەیە كە ھوداپار لە بەرامبەر ھەدەپە سەری نەوی نەکردووە".
سەرۆكی گشتیی ھوداپار ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەوە راست نییە كە ئێمە لە كەس و لایەنێك كە زیاتر لە ٣٠ ساڵە چەكی بەدەستەوەیە و لە سایەی چەكدا سیاسەت دەكات و بە زۆری چەك پڕۆپاگەندەی سیاسی دەكات، چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە بە بێ توندوتیژی و بە بێ چەك و لە چوارچێوەیەكی دیموكراتیك و یەكساندا سیاسەت بكات. ئەوانە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رێبازەی خۆیان چونكە تەنیا لەو زمانە تێدەگەن، ئەگەر خوێنی تازەیان دەست نەكەوێت چادری پرسە بۆ ئەو كەسانە دادەنێن كە ١٥ یان ٢٠ ساڵ لەمەوبەر گیانیان لەدەستداوە و بەو جۆرە لەسەر خوێن و تەرمی نوێ سیاسەت دەكەن، كێ دەزانێت رەنگە ئەو كەسانەی كە دەڵێن لە ساڵی ١٩٩٣ یان ١٩٩٤ بە ھۆی شەڕەوە کوژراون لە لایەن خودی پەكەكەوە كوژرابن. ئۆجەلان لە پارێزنامەكانی خۆیدا باسی لە كوژرانی ١٥ ھەزار كەس لە نێو پەكەكەدا بە ھۆی كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانەوە دەكات. لە راستیدا ئەو ژمارەیە زیاترە و ئەو ھاوڕێیانەی خۆیان كە ئەو كاتە وەك خائین لە قەڵەمیان دەدان و دەیانكوشتن، ئەمڕۆ وەك قارەمان باسیان لێوە دەكەن و چادری پرسەیان بۆ ھەڵدەدەن".