سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''لە هەموو شوێنێکی وڵاتەکەماندا، دەست دەکەین بە پرۆسەی دروستکردنی سەدان هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتیی و زەوی نیشتەجێبوون و شوێنکاری نوێ''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمێکدا لە ئەنقەرەی پایتەخت، پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی راگەیاند.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا کە لە میانی تاگەیاندنی پرۆژەکەدا پێشکەشی کرد، باسی لە گەورەیی و گرنگیی پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی کرد و گوتی: ''ئەم کەمپینە لە رووی ژمارە و کوالیتیەوە گەورەترین وەبەرهێنانی یەکەی نیشتەجێبوونە لە جیهاندا''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئامانجی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی ئەوەیە لە میانی دوو ساڵدا، قۆناغی یەکەمی یەکەکان تەواو ببێت و رادەستی هاووڵاتییان بکرێن. گوتیشی: "لە دەستپێکی ساڵی داهاتوودا، یەکەم بناغەی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی دادەنێین کە بڕیارە لە سبەییەوە تا کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم وەرگرتنی داواکاری بەردەوام دەبێت".
راشیگەیاند: ''ئامانجمانە لە پێنج ساڵدا ٢٠٢٣-٢٠٢٨ لە هەموو پارێزگا و قەزاکانماندا، ٥٠٠ هەزار یەکەی کۆمەڵایەتی، ٢٥٠ هەزار زەوی یەکەی نیشتەجێبوون و ٥٠ هەزار شوێنکار دروست بکەین".
ئەردۆغان باسی لە قەبارە و نرخ و شێوازی قیستەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوونی کرد و گوتی: ''هاووڵاتییانمان دەتوانن ببنە خاوەنی شوققەیەکی ٢+١ کە نرخەکەی تێکڕا ٦٠٨ هەزار لیرەیە و قیستی مانگانەی لە دوو هەزار و ٢٨٠ لیرەوە دەست پێ دەکات بۆ ماوەی ٢٤٠ مانگ. ئەو یەکانەی ٣+١ن کە تێکڕای نرخیان ٨٥٠ هەزار لیرەیە بۆ ماوەی ٢٤٠ مانگ بە قیست دەدەین بە هاووڵاتییانمان کە مانگانەکەی لە سێ هەزار و ١٨٧ لیرەوە دەست پێ دەکات. شوێنکارەکانیش کە تێکڕای نرخیان ٣٥٠ هەزار لیرەیە بۆ ماوەی ١٢٠ مانگ بە قیست دەدەین بە خانەنشینان و وەبەرهێنەرانی گەنج کە مانگانەکەی لە دوو هەزار و ٦٣٣ لیرەوە دەست پێ دەکات".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە شێوازی دابەشکردنی یەکەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان رایگەیاند کە لە چوارچێوەی پرۆژەی یەکەی کۆمەڵایەتییدا، ٥٠ هەزاری لە ئیستانبوڵ، ١٨ هەزاری لە ئەنقەرە و ١٢ هەزار و ٥٠٠ی لە ئیزمیر دروست دەکەن.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەی یەکەی نیشتەجێبوونەکان بۆ دوو ملیۆن و ژمارەی دانیشتووانی بۆ زیاتر لە ١٠ ملیۆن زیاد دەکەن. 'ماڵی یەکەمم' و 'یەکەم شوێنکارم' وەک ناوی پڕۆژەکەیان دەست نیشان کردووە.
راشیگەیاند: "١٢ هەزار و ٥٠٠ یەکە بۆکەسوکاری شەهیدان و جەنگاوەران، ١٢ هەزار و ٥٠٠ یەکە بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە دەکاتە لەسەدا ٥ و ٥٠ هەزاریشی بۆ خانەنشینان تەرخان دەکەین".
هاوکات سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە کۆتایان بۆ گەنجانی تەمەن ١٨-٣٠ ساڵ راگەیاندووە و گوتی: ''٥٠ هەزار لە یەکەکانی پرۆژەکەمان کە دەکاتە سەدا ٢٠ی بۆ گەنجانمان تەرخان کردووە کە دڵنیایی ئایندەمانن''.
گوتیشی: "لە یەکەمین قۆناغی پڕۆژەکەدا، بڕیارە ٢٥٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، ٢٥٠ زەوی یەکەی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی و ١٠ هەزار شوێنکار لە میانی دوو ساڵدا تەواو بکرێن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە هەر هاووڵاتییەک لە ئیستانبوڵ داهاتەکەی لە خوار ١٨ هەزار لیرە بێت و لە پارێزگاکانی دیکە ١٦ هەزار لیرە بێت، دەتوانێت داواکاری بۆ ئەم پڕۆژەیە پێشکەش بکات.
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە بینای بەشە ناوخۆییەکان رایگەیاند: ''لەئێستادا ژمارەیەک بەشەناوخۆییمان هەیە کە شوێنی ٨٥٠ هەزار گەنج دەبێتەوە. بە زیادکردنی نوێ، ئەم ژمارەیە دەگەیەنینە زیاتر لە یەک ملیۆن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پشتیوان بەخوا بەم هەنگاوەی هەڵیان ناوە، ئەم پرۆژەیەیان دەبێتە سەرکەوتن و زیندووبوونەوەیەکی نوێ تورکیا.
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند لە پڕۆژەکەدا لە گرووپی یەکەمدا، زەوی ٣٥٠ بۆ ٥٠٠ مەتر چوارگۆشەی سەربەخۆ و گرووپی دووەمیش لەو پارچە زەوییانە پێکدێت کە بەپێی یاسای ئاوەدانکردنەوە دەست نیشان کراوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "کاتێک ٥٠٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و ٢٥٠ هەزار پارچە زەوی و ٥٠ هەزار شوێنکار تەواو دەبێت، ژیانێکی سەلامەتتر بۆ سێ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار کەس فەراهەم دەکەین".