ئەنقەرە
شاندی رۆژنامەنووسانی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانیدا بۆ تورکیا ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوە سەتا دکتۆر موحەدین ئاتامان کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئاتامان باسی چەندین پرس و بابەتی گرنگی رۆژەڤی سیاسی تورکیای کرد.
لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا دکتۆر ئاتامان باسی کار و چالاکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری (سەتا)ی کرد.
ئاتامان لەو بەشەدا ئاماژەی بەوە کرد کە ناوەندەکەیان خاوەن ٧٠ لێکۆڵەری پسپۆڕە و لە بوارە جیاجیاکانی پەروەردە، سیاسەتی دەرەکی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا لێکۆڵینەوە دەکەن و راپۆرت ئامادە دەکەن و ئەو راپۆرتانەی ئامادە دەکرن رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت دەکرێن و بۆ رای گشتیش ئاشکرا دەکرێن.
ئاتامان جەختی لەوە کردەوە کە تا ئەمڕۆ چەندین راپۆرتی جیاجیایان لەسەر پرسە گرنگەکانی تورکیا ئامادە کردووە.
ئاتامان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی کوردیشی کرد و گوتی: ئەو ئاستەی کە قۆناغی چارەسەری تێدایە جێگای دڵخۆشی ئێمەیە و تورکیای نوێ لە چەندین بواری جیاجیادا گۆڕانکاری گرنگی کردووە و بەردەوام دەبێت لەسەر ئەنجام دانی گۆڕانکاری پێویست.
ئاتامان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: پرسی کورد لە تورکیای رابردوو پرسێکی کەلتووریش نەبوو بەڵام لە تورکیای نوێدا بە ھۆی گۆڕینی عەقڵییەت توانراوە لە بواری چارەسەر کردنی ئەو پرسەدا ھەنگاوی زۆر گرنگ بنرێ بەڵام لە تورکیای نوێدا ئەوە دەبینرێ کە پرسی کورد خاوەن بازنەیەکی زۆر بەرفراوانە و ھەم لە بواری کۆمەڵایەتییدایە، ھەم لە بورای سیاسی، ئابووریی و کەلتووریدا، بەڵام پێش ھەر شت ئەوە دەبینرێ کە ئەو پرسە، پرسێکی سیاسییە. بۆیە پێویستی بەدۆزینەوەی چارەسەری سیاسی ھەیە.
لە بارەی پرسی داعشیشەوە ئاتامان گوتی: پێویستە دەرکەوتن و بەھێزبوونی داعش و بوون بە ھەڕەشەی بۆ سەر جیھان وەکو قۆناغی جیاجیا شرۆڤەیان بۆ بکرێت، ئەو قەیرانەی لە عێراق ھاتە ئاراوە دەرئەنجامی سیاسەتی ھەڵەی مەزھەبگەرایی مالیکی بوو.
ئاتامان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا بە چاوی تیرۆریست سەیری داعش دەکا و گوتی: سەرەتا زۆر بە خراپی سەیری داعش نەدەکرا بۆیە ژمارەیەکی زۆر عەرەبی سوننە پشتگیرییان لە داعش کرد و لەگەڵ رۆشتنی داعش بۆ سوریا و دەستپێ کردنی شەڕ لەگەڵ رژیمی بەشار ئەسەد ئەو تێگەیشتنەی پێشوو لە داعش بەردەوام بوو کەس نەیدەزانی سیاسەت و رووی راستەقینەی داعش چییە، چونکە وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیھانی سەرقاڵی رژیمی بەشار ئەسەد بوون.
کاتێک داعش لە بەرەی نوسرا جیا بوویەوە و دەوڵەتی ئیسلامی راگەیاند دەستی بە شەڕ لەگەڵ ھەر کەس کرد و دواتر سیاسەت و رووی راستەقینەی داعش بۆ ھەرکەس ئاشکرا بوو بۆیە ھەر کەس دەستی بەوە کرد کە وا بیر بکاتەوە بۆ داعش دوژمنە و داعش دوژمنی ئەوە.
ئاتامان لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلیشەوە گوتی: تورکیا بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی پێناسەی دوست و دوژمن بەکار دەھێنێت و ھەوڵ بۆ ئەوە دەدات لەگەڵ ھەر دەوڵەتێکدا پەیوەندی ھەبێ، تورکیا دەزانێ کە بەرەژوەندییە نەتەوەییەکانی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەو پێشەوە دەڕۆن بۆیە لەلایەکەوە لەگەڵ کوردستان، لوبنان و سوریادا ھەوڵ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دەدا و لەلایەکی دیکەشەوە ھەوڵ بۆ بەھێزتر کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات.
لە بارەی پرسی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئاکەپە و جەماعەتی گولەنیشدا ناوبراو گوتی: بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەت و جەماعەتی گولەنەوە تورکیا بۆ ماوەیەک رووبەڕووی کێشە و گرفت بوویەوە و ھۆکاری سەرەکی ئەو کێشە و گرفتانەش ئەوەیە کە جەماعەتی گولەن دەیەویست کۆنتڕۆڵی حکوومەتی تورکیا بەدەستەوە بگرێت.