Muhammet Ali Kemal
22 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2017
واشنتۆن- AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە واشنتۆنەوە، سەبارەت بەو بڕیارەی کە لە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی 8 وڵاتەوە بۆ ئەمریکا، سەرنشینان ناتوانن ئامێری ئەلیکترۆنیی گەورەتر لە مۆبایل لەگەڵ خۆیاندا ببەنە نێو فڕۆکەوە، رایگەیاند ''ئەگەر مەترسی سەبارەت بە ئاسایش بوونی هەبێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ یەکە پەیوەندیدارەکانمان کۆببنەوە و رێوشوێن بگرنە بەر. ئەم کارە لەرێگەی یاساغ دانانەوە نابێت. تیرۆریستێکی داعش، دەکرێت لە هەر جێیەکەوە گەشت بکات. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە رێوشوێنی پێویست لەو جێیەی ئەوان تێیدا سواری فڕۆکە دەبن، بگیرێتە بەر''.
مەولود چاوشئۆغڵو دوای لە بەشدارییکردنی لە پانێڵێکدا کە لەلایەن رێکخراوی کەلەپووری تورکییەوە رێکخرابوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە سەبارەت بە ''سنووردارکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان'' لەلایەن ئەمریکاوە.
چاوشئۆغڵو باسی لەوەکرد بابەتەکە هێشتا تازەیە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا گفتوگۆ و کۆبوونەوەی پێویستیان ئەنجامداوە، هەروەها جەختی لە گرنگیی کاری هاوبەش لەپێناو گرتنە بەری رێوشوێنی دروست و پێویست کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد لەنێو چەکدارە بیانییەکانی داعشدا، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی ئەورووپی بوونیان هەیە و ئەو رێککارەش کە گیراوەتە بەر بە ''سنووردارکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان'' رێککارێک نییە مایەی مانەوە بێت.
مەولود جاوشئۆغڵو رایگەیاند "ئەمانە رێککارێکی هەمیشەیی نیین. پییان راگەیاندین کە 'کاردەکەین لەسەر بابەتی گرتنەبەری رێوشێنی زیاتر بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکە بەپەلە بوو، ناچاربووین ئەو بڕیارە بدەین'. نیگەرانیی ئەمریکا یان هی هەر هاوپەیمانێکی دیکەمان، نیگەرانیی ئێمەیە. ئەگەر کێشەیەک هەبێت، پێکەوە چارەسەری ئەمە دەکەین، ئەمە دروستترین رێگەی چارەسەرە. بۆچوونەکانمان لەوبارەیەوە خستەڕوو. پێویستە رێوشوێنی کاریگەر و هەمیشەیی پێکەوە بگرینە بەر نەک رێککاری کاتیی. لەجیاتی ئەوەی سزای سەرنشینە ئاساییەکان بدەین، پیویستە ئەو رێوشوێنانەی دژی ئەو کەسانەی مایەی هەڕەشەن دەیگرینە بەر، توندوتۆڵترن بن".