Abdullah Shukur
10 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2015
ئەدیرنە
سوپاسالاری خانەنشیی تورکیا، ئیلکەر باشبوغ لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای کتێب لە شاری ئەدیرنە گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە وێنەی شوێنی نێشتەجێی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵومان لە رۆژنامە و کەناڵەکان بینیووە و زیاتر گوتیشی: "ئەو وێنانەی بینیمان ناخی گشتمانی سووتاند. لە رۆژانی دواییدا بە تایبەتی رووداوەکانی ئاسمانی سنووری سووریا، فڕۆکەکانی تورکیا، رووسیا و فڕۆکەکانی سووریا ھەروەک رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە. بە پێویستی دەزانم دەربارەی تیرۆر ھەندێک قسە بکەم. دروستبوونی بابەتی تیرۆر و ھاتنی تاوەکو ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە بۆ نەتەوەپەرستی ئەتنیکی کورد. پێویستە بە باشی ئەمە بزانین. بێگومان ئەوەی ھاووڵاتی کۆماری تورکیا بێت و ئەتنیکی کورد بێت ھەرگیز ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵدا نییە. ئێمە تەنھا کێشەمان لە خاڵی نەتەوە پەرستی ئەتنیکی کورد ھەیە".
باشبوغ ئاماژەی بەوە دا لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا کێشە نەبووە گوتیشی: "کاتێک دەوڵەتی عوسمانی لەو خاکانە دەسەڵاتی لەدەست دا و دابەش کرا و دەوڵەتی عێراق و سووریا ھاتە ئاراوە، بە مانایەکی دیکە کاتێک ناسنامەی کورد بێگومان ئەگەر ئێرانیش بخەینە ناوییەوە، ئەوە بۆ چوار ناوچەکە دابەش کرا و لەو کاتەوە نەتەوە پەرستی ئەتنیکی کورد دروست بوو".
ناوبراو لە درێژەدا روونیشی کردەوە کە مستەفا کەماڵ ئاتاتورک و ھاوڕێکانی کاتێک کۆماری تورکیایان دامەزراند کێشەیەکەیان وەک کێشەی ناوخۆیی و ئاسایشی دەرەکی بینی، ھەروەھا گوتیشی: "ئێمەش لە ھەمان خاڵین و دەڵێن کە کاتێک ھەڵسەنگاندن دەربارەی رووداوەکان دەکەین پێویستە وەک کێشەی ناوخۆیی و ئاسایشی دەرەکی لێی بڕوانین. ئەگەر کێشەکە تەنھا وەک بابەتێکی ناوخۆیی تورکیا ببینین ئەوە ھەڵە دەبێت. بنەمای کێشەکە بۆ جەنگی جیھانی یەکەم و ھۆکار و پێشھاتەکانی دەرەکی دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ ئەگەر پێشھاتەکانی عێراق و سووریا تێنەگەین ئەوە مومکین نییە لە کێشەی تیرۆر لە تورکیا تێبگەین".