Hemın Othman Mohammed
15 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2016
ئەنقەرە
سەبارەت بەو لێدوانانەی كە دەڵێن پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی توركیا پشتیوانی داواكارییەكەی ئاك پارتی دەكەن لەبارەی پارێزبەندی یاسایی، هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش رایگەیاند "هەڵەیەكی زۆر گەورەیە بەو حەزە گەورەوە پشتیوانی لە هەوڵی تۆڵە كردنەوەیەكی ئاشكرا و تۆڵە سەندنەوەی سیاسی بكرێت".
پێش كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی كارگێڕی هەدەپە، كە لە ناوەندی گشتیی پارتەكە بەڕێوەچوو، دەمیرتاش وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
سەبارەت بە پارێزبەندیە یاساییەكان پرسیار لە دەمیرتاش كرا لەبارەی ئەوەی دەگوترێت پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی وەك جەهەپە و مەهەپە پشتیوانی لە پیشنیازەكەی ئاك پارتی دەكەن، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "ئەوە كارێكە پەیوەندی بەو پارتانە خۆیانەوە هەیە. هەڵەیەكی زۆر گەورەیە بەو حەزە گەورەوە پشتیوانی لە هەوڵی تۆڵە كردنەوەیەكی ئاشكرا و تۆڵە سەندنەوەی سیاسی بكرێت. ئێمەش داواكارییەكمان هەیە بۆ سنووردار كردن و هەڵگرتنی پارێزبەندییە یاساییەكان. ئەوەش داواكارییەكە هەم لەگەڵ یاسا و مەرجە جیهانیەكاندا گونجاوە، هەمیش لە راستیدا بە پێشنیازی وڵاتانی ئەورووپا دروست بووە. ئەگەر دەیانەوێت پشتیوانی لێ بكەن، ئەگەر بەڕاستی راستگۆن سەبارەت بە سنوورداركردن و هەڵگرتنی پارێزبەندییە یاسایی با بفەرموون پشتیوانی لە داواكارییەكەی هەدەپە بكەن، ئێمەش بە بەڵی دەنگی پێ دەدەین، با هەموو بەیەكەوە پارێزبەندییە یاساییەكان سنووردار بكەین".
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەیە دەمیرتاش، باسی لەوە كرد كە ئامانجی ئەو هەوڵانەیان بۆ ئامانجێكی جیاوازە و گوتی: "ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە كە دەردی ئاكەپە رادەست كردنی پەرلەمانتارانی هەدەپەیە بەو دادگایەی لەژێر فەرمانی خۆیاندا كاردەكات. ئێستا پێویستە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی باش بیر لەو تەڵە ئاشكرایە بكاتەوە. لە راستیدا مایەی سەرسوڕمانە بێ لێپرسینەوە و تێڕامان پشتیوانی لە داواكاریەك بكەن كە بە ئاشكرا پیشێلی دەستوور دەكات. بڕیار هەر لای خۆیانە. جگە لە خوا ئێمە لە هیچ كەسێكی دیكە ناترسین. كارێكمان نەكردووە لێپرسینەوەمان لەسەر بكرێت. ئەگەر ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژی، تاڵانچییەكان، دزانی پارەی گەل، ئەوانەی ناتوانن تەنانەت لەنێو ماڵەكانیشیاندا شوێنێك بدۆزنەوە بۆ پڕكردنی لەو پارانەی دزیویانە پارێزبەندی یاساییان دەبێت، بەڵام ئێمە لەبەر بیروڕا و قسەكانمان پارێزبەندیمان هەڵگیرێت، ئەوا مەدالیای شەرەفە بۆمان. خۆیان دەزانن، بڕیار لای خۆیانە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە هەڵوێستی هەدەپە بەرامبەر ئەو دۆخە، دەمیرتاش گوتی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی كارگێڕی و فراكسیۆنی پارتەكەدا باسی لێوە دەكەن. دوای ئەوەی سێ پارت یەكیان گرت و بڕیاریاندا بۆ گۆڕینی دەستوور، شتێك نامێنێت ئێمە بیكەین. تەنیا شتێك كە ئەنجامی دەدەین راست وەستانە بەرامبەر ئەو تێگەیشتنە كۆنەپەرست و رق و كینەی چاوپۆشی دەكات لە گۆڕانكاریی پێشێل كردنی دەستوور كە مەبەست لێی تۆڵە سەندنەوەی سیاسیە".