دانیشتی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی تاوتوێکردنی بودجەی ٢٠١٤ ی وڵات بەردەوام بوو.پەرلەمانتاری جەھەپە عاریف بوڵوت وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر ھەڵمەتی رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، لە پەرلەمانی تورکیا گوتی"پارە، پارە، پارە" بەرامبەر بە "باج، باج، باج"، بۆ "بەرتیل، بەرتیل، بەرتیل".
لەگوتەکانیدا بوڵوت باسی لەدەستگیرکردنی کوڕی سێ وەزیری وڵاتەکەی بەتۆمەتی گەندەڵی کرد و داوای دەست لەکارکێشانەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا عەلی باباجان کە بەرپرسیاریەتی ئەو سێ وەزیرەی لەسەرە کرد. گوتی: "سامانی دەوڵەت دەریا نییە، کاتێک دەیخۆن تا رشانەوە مەیخۆن، پۆلیس و دادوەرو پارێزەرەکانتان لە پۆستەکانیان لابرد، لە پۆستەکانیشیان لایان ببەن ناتوانن خۆتان رزگار بکەن، دەبێ وەڵامی گەل بدەنەوە و سزا بدرێن."
ھەروەھا پەرلەمانتاری جەھەپە نەجاتی ئۆزانسۆی لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "لەدڵەوە دەخوازین کە کوڕی ئەو سێ وەزیرە بێ تاوان بن، ئەو وێنە و ڤیدیۆو پارانە ساختە بن."
لەدرێژەی گوتەکانیدا ئۆزانسۆی گوتی: ئەگەر ئەوانەی لە ھەڵمەتەکە دەستگیر کراون بەلادانی دادوەرەکان ئازاد بکرێن، خۆ لەکاتی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتی ئەرگەنەکۆن ئۆتۆمبێلی زرێپۆشتان خستبووە ژێر ئەو دادوەرانە تا نەکوژرێن، تادوێنی دادوەر زەکەریا ئۆز پاڵەوان بوو، دوو دادوەرتان رەوانەی لای ئەو کردووە، ئەو بڕیارەی کە دەسەڵاتی لێدەسەنێتەوە تا چەند ویژدانی کۆمەڵگا قبوڵی دەکا؟، سەرۆکوەزیران دەڵێت: ئەوە چاڵە ھەڵکەندراوە، ئایا ئەو دادوەرەی بەتەنیا پرۆسەی ئەرگەنەکۆنی بەرێوە دەبرد ئێستا چاڵ بۆ سەرۆکوەزیران ھەڵدەکەنێ؟، لەڕووی ئەخلاقیەوە پێویستە بەزووترین کات ئەو وەزیرانە دەست لەکار بکێشنەوە.
بەدڵنیاییەوە لەپۆستەکەیان دووریان دەخەنەوە
پەرلەمانتاری بەدەپە لەدیار بەکر نورسال ئایدۆغان لەمیانی گوتەکانیدا لەبارەی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گوتی: "لەپشتی ئەو ھەڵمەتانەوە دەیانەوێ پرۆسەی چارەسەر تێک بشکێنن، دەیانەوێت ھێزی حکومەت بھێننە خوارەوە، بە سەرقاڵکردنی حکومەت بەکاری ترەوە ھەوڵدەدەن پێداگری و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پرۆسەی چارەسەر بشکێنن و بەربەست دروست دەکەن، دەڵێن بۆچی بەرپرسانی ئاسایش لەکارەکانیان لادەبەن، بەدڵنیاییەوە لایان دەبەن، ئەو کارەی ئەوان کردویانە کارێکی ئاسایی نییە، دەڵێن ماوەی دووساڵە بەدوای ئەوانەوەین، بۆچی پێش ٦مانگ یان دووساڵ ئەو کارەتان ئەنجام نەدا؟، ئەوکارەی ئەوان کردوویانە یان ھەوڵیان بۆ داوە کارێکی ئاسایی نییە، ئەو کارانە ھەمووی پەیوەندی بە وەستاندنی پرۆسەی چارەسەرەوە ھەیە."
جێگری سەرۆکی پاتی جەھەپە موحەرەم ئینجە لەبارەی گوتەکانی پەرلەمانتارەکەی بەدەپە گوتی: "ئەو رووداوانەی رووی داوە لەڕووی ئەخلاقی و سیاسیەوە پەیوەندی بە پرۆسەی چارەسەرەوە نییە، ئایا کاری پارێزەی کەوتۆتە ئەستۆی بەدەپە؟."
پەرلەمانتاری ئاکەپە ماھیر ئوناڵ رایگەیاند: پەرلەمان شوێنی دادگایکردن نییە، بەراستی نازانین کاتێک پرۆسەی دادگایکردن بەردەوامە و رووداوەکان یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام سیاسیەکان وەک ئەوەی کۆتایی ھاتبێت تاوانەکان دانیان پێدا نرابێت قسە دەکەن.
ھەروەھا پەرلەمانتار و جێگری سەرۆکی پارتی بەدەپە ئیدریس بوڵوکەن وەک وەڵامدانەوەیەک و بەرگریکردن لەپارتەکەی وەڵامی پەرلەمانتاری جەھەپە موحەرەم ئینجەی دایەوە گوتی: لەڕووی رەخنەوە بەدەپە رووبەڕووی زۆرترین رەخنە بوەتەوە لەبارەی پرۆسەی چارەسەرەوە، بەھیچ شێوەیەک بەرگری لە گەندەڵی ناکەین.