ئەنقەرە
دەمیرتاش لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "ئەگەر داوامان لێبکرێ بۆ کۆبوونەوە لەبارەی ئەو ٦٠ مادەیەی دەستوور، ئێمە ئامادەین بۆ بەیانی بیرو بۆچوونی خۆمان لەسەر دەستورو داڕشتنەوەی رابگەیەنین، بەڵام تا ئێستا ھیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەمان لێنەکراوە."
دەمیرتاش لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامان و پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە ناو پەرلەمانی تورکیا باسی لەوە کرد ئەگەر بێتو ئاک پارتی و جەھەپە بیانەوێت تەنیا پێکەوە دەستوور دابڕێژنەوە، ئەوا پیرۆزییان بێ ئەگەر دەشیانەوێ بە دانوستاندن دەستور دابڕێژرینەوە ئەوا ئەوانیش بیروبۆچوونەکان وەردەگرن و ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن.
لەبارەی تێبینی پارتی ئاشتی و دیموکراتی سەبارەت بەو ٦٠ مادە دەستوور کە ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، دەمیرتاش گوتی: "ئەگەر ئەوان داخوازیەکیان ھەبێ ئەوا ئێمە ئامادەین کە وەریبگرین و لە ناو پارتەکەماندا گفتوگۆی لەسەر بکەین."
لەبارەی یاسای ھەڵگرتنی قەدەغەی باڵاپۆشی لە پەرلەماندا دەمیرتاش ئاشکرایکرد ئەوان ھەمووکات ھاریکاریی زیادکردنی ئازادییەکان بوون، لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ زیادکردنی ئازادی بیرو باوەڕین، ھەموو کات پشتگیریی لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤین کە لەچک کردنیش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە."