ھەولێر
مانگی ئابی رابردوو ھەرێمی کوردستان بانگەوازیی لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بێن بەھانای ئاوارەکانی سوریا کە لەھەرێمی کوردستان نیشتەجێکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر، کۆمەکی حکومەتی روسیا گەیشتە شاری ھەولێر.
لە گەڵ نیشتنەوەی ئەو فڕۆکەی یارمەتی گەیاندبووە ئاوارەکان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بۆ ھەریەکە لە کاربەدەستانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی روسیا سازکرا.
وەزیری ناوخۆی ھەرێم کەریم سنجاری و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوی ھەرێمی کوردستان فەلاح مستەفا لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی ئامادەبوون، ھەروەھا ڤالێری پوسپیلوڤ سەرکونسوڵی روسیا لەھەرێمی کوردستان و زەڵیم خان، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی روسیا ئامادەبوون.
کەریم سنجاری لە کونگرەکەدا قسەی کردو گوتی: "تا کو ئیستا ٢٣٥٠٠٠ ئاوارەی سوریا لە شارەکانی دھۆک، ھەولێر، سلێمانی نیشتەجێ کراون، رۆژانە رێژەیان روو لە زیاد بوونە، ئێمە وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی روسیا دەکەین بۆ گەیاندنی یەکەم ھاوکاریی مرۆیی کە پێشکەشی ئاوارەکانی سوریای کردووە. دوای ئەو ھەڵمەتە چەندین وڵاتی دیکە خوازیارن ھاوکاری مرۆیی بەئاوارەکانی سوری بنێرن ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرنگە."
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد تا ئێستا ٦٠ ملیۆن دولاریان دابینکردووە بو یارمەتیدانی ئاوارەکانی سوریا لەھەرێمی کوردستان.
ڤالێری پوسپیلوڤ کونسوڵی گشتی روسیا لە ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا گوتی: "زیادەڕۆیی ناکەم لە پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی روسیا، ئەو یارمەتییانە تەنیا بۆ کوردەکانی سوریایە لە ھەرێم. کۆمەکەکان بریتین لە ٢٥٠٠ بەتانی ١١٠ خێمە، ١٢تەن شەکر و ھەندێک جلوبەرگ، دەبێ ئەوەیش بڵێین یارمەتییەکە بچووکە بەڵام ئەمە یەکەمین و دوایینجار نابێ."
ڤالێری ھەروەھا گوتی: "ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشوازییەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێمەی کردووە، لەوڵاتی ئێمە کوردی زۆر ھەن، کوردەکان بەنزیکی خۆمان دەزانین و ھەمیشە بۆ یارمەتی دانی کورد دەستپێشخەری دەکەین."
ھەروەھا فەلاح مستەفا لەکونگرەکەدا بۆ AA گوتی: "دوای ھاتنی شەپولی ئاوارەکانی سوریا بۆ ھەرێمی کوردستان، ئێمە داوای ھاوکارییمان کرد لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتییمان کرد، حکومەتی روسیا دەستپێشخەریی کرد و یەکەم فڕۆکەی بارھەڵگری بە ٤٠ تەن کەرەستەو پێداویستییەوە رەوانەی کورستان کردووە."
ھەروەھا زەڵیم خان پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی روسیا بۆ AA گوتی: "حکومەتی روسیا تەنیا ئەو یارمەتییەی بۆ کوردانی سوریا ناردووە، کۆمەکەکان بریتین لە بەتانی، شەکر، جلوبەرگ و خێمە ئەمە نابێتە دوایین کۆمەک بۆ ھاوکاریی ئاوارەکانی کوردی سوریا."