پاریس
بۆ گفتوگۆکردن لە سەر پرسی سیخوڕی نێوان فەرەنسا و ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی ھەر دوو وڵات کۆبوونەوە.
لە بارەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەمریکا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رۆماین ناداڵ گوتی: "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە دەبێ ئەو جۆرە چالاکییانە کە نابێ لە لایەن ھاوپەیمانانەوە ئەنجام بدرێن، رابگیردرێن و پێویستە ئەمریکا لە بارەی دەنگۆی سیخوڕیکردنی لە فەرەنسا زانیاریی زیاتر پێشکەشی حکومەتی فەرەنسا بکا."
دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە ھەر دوو وەزیری دەرەوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی تایبەت سەبارەت بە سوریا بەرەو لەندەن بەرێکەوتن.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وەکو دۆستی رابردوو لە بارەی کێشەی سیخوڕییەوە گفتوگۆ دەکات.
پێشتر رۆژنامەی لۆمۆند بڵاویکردەوە دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە نایاسایی گوێی ھەڵخستووە بۆ پەیوەندیی تەلەفۆنی ملیۆنان کەس لەفەرەنسا.