Rewa Mahmood Hasan
07 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2023
سلێمانی - AA
بەمەبەستی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، دەزگای میدیایی کوردسات بەهەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنی (CDO)، کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکارییان لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنە سوورەکە دەست پێکرد.
کەمپینی هاوکاریەکە لە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە حەوتی شوباتی ٢٠٢٣ دەستی پێکردووە و بڕیارە تاماوەکی بخایەنێت و سەرەتا لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پاشان لە چەند شارێکی دیکەیش کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتییەکان دەستپێدەکات.
پەیتا پەیتا هاووڵاتییان، سەرمایەداران و بازرگانانی شارەکە بەدەم هەڵمەتەکەوە دەچن و ئەوەی بەدی دەکرێت گەرموگوڕییەکی زۆر بە هەڵمەتەکەوە دیارە.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەرمایەداری ناوداری سلێمانی، مەلا یاسین مەحموود ئاماژەی بەوەدا کە هەموو تاکێکی سلێمانی خەمبار بووە بەو بوومەلەرزیەی کە دوێنێ لە چەند شارێکی تورکیا و سووریا روویدا، و شاری سلێمانیش هەرگیز ئەو دەستی هاوکاری و یارمەتیانەی تورکیا لەبیر ناکات کە پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە، بۆیە ئەمرۆ پەیتا پەیتا خەڵک دێنە نێو هەڵمەتەکە و بە ئازووقە، خێمە، فەرش و جلوبەرگ بەشدار دەبن لە هەڵمەتەکەدا.
مەلا یاسین راشیگەیاند، پێشتریش سلێمانی پێشەنگ بووە لە یارمەتیدان و هاوکاریکردنی لێقەوماوان، هەر بۆیە ئەمجارەش پێشەنگ دەبین لە کۆکردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکان. گوتیشی: "راستە هەموو جیهان هەوڵی بەشکردنی ئەم خەمە دەدات لەگەڵ تورکیادا، بەڵام لە دڵی ئێمەدا ئەم خەمە گەورەترە چونکە دراوسێیەکی نزیکمانە. بۆیە بەناوی یەکێتی وەبەرهێنەرانیشەوە پرسەو سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی تورکیا دەکەین و هیوادارین هەرچی زووترە بریندارەکان چاک ببنەوە و ئەوانەشی گیریانخواردووە رزگاریان بێت. بۆیە دووبارە هاوخەمین و پێیان دەڵێین ئێوە بەتەنیا نابن".