Cem Genco
08 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2020
هاتای - AA
ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنیی تورکیا لە ساڵی ٢٠١١ەوە کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کردووە تا ئێستا، هاوکاری مرۆیی دەگەیەنن بە لێقەوماوانی سووریا.
دەروازەی سنووریی جیلڤەگۆزو لە قەزای رەیحانڵی سەربە پارێزگای هاتای لە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکاندا، رۆڵێکی گەورەی هەیە.
تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، نۆ هەزار و ٤٤٩ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی لەڕێی ئەم دەروازە سنوورییەوە گەیەندراوەتە لێقەوماوانی سووریا لە پارێزگای ئیدلب.
بەرپرسی راگەیاندنی وەقفی هاوکاری مرۆیی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ (İHH)، سەلیم تۆسون لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریاوە تا ئێستا بەردەوامن لە کارکردن بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی سووریا.
سەلیم تۆسون جەختی لەوە کردەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو هاوکارییە مرۆییەکان لەڕێی دەروازەی جیلڤەگۆزو گەیەندراوەتە هاووڵاتییە مەدەنییەکانی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، ئەمەیش وای کردووە دەروازە سنوورییەکە ببێتە هیوایەک بۆ ستەملێکراوانی سووریا.
ناوبراو باسی لەوەیش کرد، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان گرنگییەکی زۆری لە هەوڵەکان بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان لە سووریا هەیە.
لای خۆشیەوە نوێنەری رێکخراوی "Iyilik" لە شارۆچکەی رەیحانڵی، عەدنان ئاتەش ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە پارێزگا جیاجیاکانی تورکیاوە هاوکاری مرۆیی رەوانەی ئیدلب کراوە.
عەدنان ئاتەش باسی لەوەیش کرد کە رێکخراوەکەیان، ٣٣ بارهەڵگر هاوکارییان رەوانەی ئیدلب کردووە کە بریتین لە خۆراک، پۆشاک و پێداویستی پاککردنەوە.
پسپۆڕی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا لە رێکخراوی بەشیر، ساڵح کایابەکر لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد لە شەش مانگی رابردوودا، رێکخراوەکەیان ١٧ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیاندوەتە پارێزگای ئیدلب.
ساڵح کایابەکر ئەوەی دووپاتکردەوە کە بەردەوامدەبن لە ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا و لەم رووەشەوە دەروازەی سنووری جیلڤەگۆزو رۆڵێکی گرنگی هەیە.