Abdullah Söylemez
07 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2022
ئاگری - AA
٤٣ ژینگەدۆستی وڵاتی ئێران کە ١٧یان ئافرەتن بە پاسکیلەوە گەشتێکیان بۆ دەوروبەری چیای ئاگری ئەنجام دەدەن.
ئەندامانی یانەی سایدام کە لە شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە بە مەبەستی گەشتکردن روویان لە پارێزگای ئاگری خۆرهەڵاتی تورکیا کردووە، گەشتێکیان بە پاسکیل بۆ ناوچەکە رێکخست.
سروشت دۆستان لە ئێرانەوە بە پاسکیل گەیشتنە دەروازەی سنووری گوربوڵاک لە قەزای دۆغوبایازت و دوای هاتنە ناو خاکی تورکیا بە مەبەستی بڕینی ٣٥٠ کیلۆمەتر بەرەو دەروبەری چیای ئاگری بەڕێکەوتن.
گروپەکە کە بە درێژایی رێگاکە لەلایەن هاووڵاتییانی سەرڕێگاکە و شوفێرانەوە سڵاویان لێکرا و پێشوازییان لێ کرا، دوای تەواوکردنی گەشتەکەیان لە کۆماری خۆبەڕێبەری نەخچەوان، بەرەو وڵاتەکەیان دەگەڕێنەوە.
- "هاوڕێ تورکەکانمان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین"
سەرپەرشتیاری گروپى گەشتیاریەکە، عەلی میرزایی بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رايگەیاند ئەمە یەکەم گەشتیان نییە بۆ تورکیا و پێشتریش بۆ تورکیا گەشتیان کردووە و لە وەرزی زستاندا سەرکەوتوونەتە سەر لوتکەی چیای ئاگری.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا پێشتر خولیايی بە پاسکیل گەشتکردنیان بۆ دەوروبەری چیای ئاگری هەبووە و بەم مەبەستە پلانی گەشتکردنیان داڕێشتووە و گوتیشی: "لە ئێرانەوە تا سەرسنوور ٦٠ کیلۆمەترمان بە پاسکیل بڕی و هاتینە ئێرە. لێرەوەش ٥٨ کیلۆمەتری دیکە دەبڕین تا بگەین بە ئیدیر، دواتریش لەوێوە لە رێگەی قەزای ئاراڵک-ەوە بەرەو نەخچەوان بەڕێدەکەوین".
عەلی میرزایی گوتیشی: "تا ئێستا گەشتەکەمان زۆر بە باشی دەڕوات و کەشوهەواش زۆر لەبارە بۆ لێخوڕینی پاسکیل . چەند هاوڕێیەکی تورکمان هەیە کە پێشتر یەکترمان ناسیبوو، لێرە زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین".
میرزایی ستایشی میواندۆستی هاووڵاتییانی تورکی کرد و گوتی: "هاووڵاتیان زۆر میواندۆستانە پێشوازیان لێ کردین. وەکوو گروپی یانەی سایدام بۆ یەکەمجارە بە پاسکیل بۆ چیای ئاگری گەشت ئەنجام دەدەین. دەمانەوێت لە رێگەی ئەم چالاکيیەوە پەیامی ئەوە بگەیەنین کە لەبری ئۆتۆمبێل دەتوانن بە پاسکیلیش گەشت ئەنجام بدەن. بە درێژایی ٣٥٠ کیلۆمەتر پاسکیل لێدەخوڕین".
- "بە بەردەوام دێین بۆ تورکیا"
یەکێک لە ئەندامانی ناو گروپەکە بەناوی فەریدە قالیپور رایگەیاند بەردەوام چالاکی و گەشت بۆ ناوچە سروشتییەکان ئەنجام دەدەن.
ناوبراو گوتیشی: "گەشتکردن بە پاسکیل هەستێکی جیاوازمان پێ دەبەخشێت. گەشتەکەمان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. هاوڕێیان زستانی رابردوو بەرەو لوتکەی چیای ئاگری چالاکیيان رێکخستبوو. پشتیوان بە خودا هەوڵ دەدەین بە بەردەوام بێین بۆ تورکیا".