Kadir Yıldız
26 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2022
دوزجە - AA
مزگەوتی ساریدێرێ لە شارۆچکەی گۆلیاکا سەربە پارێزگای دوزجە باکووری خۆرئاوای تورکیا، یەکێکە لەو شوێنانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی رۆژی سێشەممەوە زیانی بەرکەوتووە.
تیمەکانی ئیدارەی شارەکە بەهەماهەنگیی لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی کەشوهەوای دوزجە، چەند ئامێر و ئۆتۆمبێلێکەوە بەرەو گوندی ساریدێرێ بەڕێکەوتن تا مزگەوتی دێکە بڕوخێنن کە لە ٢٤ی تشرینی دووەمدا بڕیاری رووخاندنی بۆ دەرکرابوو.
دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە دەوروبەری مزگەوتەکەدا، دەستکرا بە رووخاندنی و تا ئێستاش کاری تیمەکان بەردەوامە.
حوسێن ئاراچ یەکێکە لە دانیشتووانی گوندەکە، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوە کرد کە ئەم مزگەوتە لە ساڵی ١٩٨٧دا دروست کراوە و تا ئێستا دوو جار بوومەلەرزە لێیداوە.
ئاراچ باسی لەوەش کرد کە وێڕای ئەوەی راگر بۆ مزگەوتەکە دانراوە بەڵام نەیتوانیوە بەرگەی بوومەلەرزەکەی ئەمجارە بگرێت، گوتیشی: "لە شوێنەکەیدا مزگەوتێکی نوێ دروست دەکرێتەوە. ئێمە منداڵەکانمان دەنارد بۆ ئێرە بۆ خولی فێربوونی قورئان، هەروەها دەهاتین بۆ نوێژی هەینی و نوێژی بەکۆمەڵ. یادگاری جوانمان لەم مزگەوتەدا هەیە".
تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی ژینگە، شارسازیی و گۆڕانی کەشوهەوا، رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەم، دوای تۆمارکردنی زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی دوزجە، بەهۆی زیانگەیشتن بە ستوون و گەچی مزگەوتەکە، بڕیاری رووخاندنی دا و دواتر مزگەوتەکە بە یارمەتی هاووڵاتییان چۆڵ کرا و کەلوپەلەکانی برانە دەرەوە.