Kosar OSMAN,Nuwner Fatih
11 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2016
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو بەشداریی 24ەمین کۆبوونەوەی راوێژکاری هەڵسەنگاندنی پارتەکەی کرد و پاشان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازدا.
ناوبراو لەبارەی داهاتی شارەوانیی دیاربەکرەوە گوتی :"سەدا 83.5ی داهاتی شارەوانیی دیاربەکر لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەستەبەر کراوە و تەنیا سەدا 20ی ئەو داهاتە بۆ وەبەرهێنان تەرخان کراوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە سەدا 25ی داهاتەکە بە شێوەیەکی ناچالاک نیشان دراوە."
داودئۆغڵو هەروەها رەخنەی ئاراستەی شارەوانییەکانیتریش کرد و بەمشێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی :"شارەوانیی هەکاریش بە هەمان شێوە سەدا 79ی داهاتەکەی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بۆ دابین دەکرێت. دەبینین رێژەی خەرجیی کارمەندانی ئەم شارەوانییە خۆی لە سەدا 52.6 دەبینێتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە تێکڕای ئەم خەرجییە لە تەواوی شارەوانییەکانی تورکیادا سەدا 24.6ە. ئیتر ئەم حسابە بۆخۆتان جێدێڵم. هیچ خزمەت و بەرهەمێکی نییە و تەنیا زەمینەسازی بۆ تیرۆر دەکات و یارمەتیی چاڵ هەڵکەنین و دانانی بەربەستە."
ناوبراو گوتیشی :"ئێمە وەک حکومەت تەواوی پێداویستییەکاندەنێرین. بەڵام ئەوان وەک شارەوانی بە ئەرکی خۆیان هەڵناستن. هۆکارەکەیشی وەک رۆژی رۆشن دیارە. چونکە ئەگەر شارەوانی کارەکانی خۆی بە رێکوپێکی ئەنجامبدات خەڵک دڵخۆش دەبێت. وڵات ئاوەدان دەبێتەوە و کێشە نامێنێت. ئەوکات خەڵکی ناوچەکە ئومێدێکی رووناکیان بە ژیان دەبێت و بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێن. بەمجۆرە خۆیان رادەستی شاخ و تیرۆر ناکەن. بەڵام ئەوان ئەمەیان ناوێت. بەڵکو دەیانەوێ لەم تورکیایەدا دار بەسەر بەردەوە نەمێنێت و خەڵک لە بێزاریی خۆیانەوە هانا بەرنە بەر شاخ. جا ئەوکاتەیش شەڕی براکوژی دروست دەبێت. بەڵام ئێمە هەرگیز ناچینە ژێر باری ئەم یارییەوە."
هەروەها سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژەی بە پرۆژەکانی ناوچەکە کرد کە پێداویستییان بۆ ناردوون و پرۆژەی فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی بە نموونە هێنایەوە. هەروەها لەبارەی دیاربەکرەوە گوتی ئەو کەسانەی بوونە هۆکاری شێوانی دیاربەکر با باش بزانن کە حکومەت دیاربەکرێکی جوانتر لە ئێستا پێشکەش بە دیاربەکرییەکان دەکات. هیوایشی خواست کە هەدەپە لەم کارەیاندا کۆسپ دروست نەکات.
داودئۆغڵو لەبارەی شارەوانیی شرنەخ گوتی :"ئەگەر باسی داهاتی سەدا 53ی شرنەخیش بکەین دەبینین تەنیا سەدا 1.7ی بۆ خزمەتی خەڵک خەرج دەکرێت. ئەوەتا دەروازەکان دادەخەن و کێشە بۆ خەڵک دروستدەکەی بەوەی رێگە لە پەیداکردنی قووتیان دەگرن."