ئەنقەرە
سەرۆكی گشتی ئاك پارتی و سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی هاوبەشی هەر دوو كەناڵی Ahaber & ATV دا باسی لە چەندین پرسی رۆژەڤی سیاسی توركیا كرد و گوتی: "هەدەپە لە لایەكەوە سەردانی ئیمراڵی دەكات و دەیەوێت یاری چارەسەریی بكات و لە لایەكی دیكەیشەوە لە قەندیلەوە پەیام دەهێنێت و یاری توندوتیژی دەكات و بە هەڵوێستی بەو جۆرە جیاواز سیاسەت كردن شتێكی راست نییە".
داودئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "ئایا هەدەپە تا ئێستا گوتوویەتی با پەكەكە چەك دابنێت؟ نەیگوتووە، ئەی بۆچی دەزگاكانی راگەیاندن پشتگیری لێوە دەكەن؟ بۆیە لە توركیا پێویستە لە دژی ئەوانەی كە بەرامبەر بە توندوتیژی هەڵوێستیان نەنواندووە ئێمە هەڵوێست بنوێنین جا كێ دەبێت با بێت".
داودئۆغڵو بانگەوازێكیشی ئاراستەی هاوسەرۆكی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش كرد و گوتی: "ئەگەر لە دیموكراسیدا سەمیمی سبەینێ هەڵسە و بڵێ پێویستە پەكەكە چەك دابنێت و ئەگەر بێت و پەكەكە چەك دانەنێت ئەوا ئێمە پێش هەر كەس هەڵوێستمان دەبێت ئەو كاتە منیش راستەوخۆ بە ئاشكرایی دەستخۆشیت لێ دەكەم و دەڵًێم تۆ دیموكراسیت قەبووڵە، با سبەینێ سەلاحەدین دەمیرتاش ئەم شتانە بڵێت، بەڵام لە توركیا كەسێك كە نەتوانێت ئەم قسەیە بكات وەكو تاقە ئۆمیدی دیموكراسی لە قەڵەم بدرێت ئەوا ئەمە تەنیا یەك پاساوی هەیە و ئەویش راگرتنی ئاك پارتییە. لەگەڵ كێ دەبێت با بێت هاوپەیمانی دەكرێت و ئەگەر رێكخراوێكی تیرۆریستیش بێت هاوكاری لەگەڵ دەكەن، دەوڵەتی هاوتەریبیش بێت هاوكاری دەكەن، سێ رۆژ پێش ئێستابوو پەیوەندییان لەگەڵ ئەو كەسانەی لە بەندیخانەی جۆری فەدا بەند كرابوون ئاشكرا كران. تەنیا بۆ ئەوەی كە ئاك پارتی لاواز بكەن".
داودئۆغڵو گوتی: "ئەگەر بێت و بۆ چەند ساتێك ئاك پارتی لە توركیا نەمێنێت ئەوا توركیایش وەكو عێراقی لێ دێت".
لە وەڵامی پرسیارێكدا كە ئایا هەدەپە بەربەستی سەدا 10ی هەڵبژاردن تێپەڕ دەكات یان نا داودئۆغڵو گوتی: "من پێم وا نییە، با وا فەرز بكەین كە بە جۆرەیەك زەرەریان دایە ئاك پارتی، لە لای خۆیانەوە ئەگەری دامەزراندنی هاوپەیمانییان خستە رۆژەڤەوە، بۆ خاتری خوا ئایا عەقڵی ئێوە بەوە دەشكێتەوە كە هەدەپە و مەهەپە پێكەوە كار بكەن؟ با بڵێن كاریان كرد ئەی داخۆ چۆن وڵات بەڕێوە دەبەن؟ لە حكوومەتی هاوپەیمانی مەهەپە، دەسەپە و ئاناپدا ئەنجوومەنی وەزیران كۆ نەدەبوویەوە بە ساڵانێك نەیان توانی ئەنجوومەنی وەزیران كۆ بكەنەوە و سەیری ئەوە دەكرا كە ئەگەر هەر سێ سەرۆكەكە كۆ بوونەوە چی دەبێت. بۆیە لێژنەی ئەمنی نەتەوەیی جێگای ئەنجوومەنی وەزیرانی گرتبوویەوە و ئەو كاتە كاتێك بوو كە لە توركیا كۆتایی بە تەمەنی سیستەمی پەرلەمانی هاتبوو. لە توركیا هیچ كات حكوومەتەكانی هاوپەیمان مێژوویەكی سەركەوتوویان تۆمار نەكردووە".