Kosar OSMAN
09 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2016
سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیادا گوتارێکی پێشکەش کرد و بەشێکی قسەکانی تایبەت کرد بە رەوشی سووریا.
ناوبراو لەبارەی هەڵسوکەوتی سیاسیی رووسیا لە مەیدانی سووریادا گوتی: "رووسیا خەڵکانێک بۆردومان دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە و سەرباری هەموو کاردانەوەکان هێشتا لەسەر بۆردومان بەردەوامە. زانیاریمان لایە و دەزانین دانە دانەی ئەو بۆمبانەی رووسیا وەشاندوونی کەوتوونەتە کوێی سووریا".
سەرۆکی ئاکپارتی هەروەها بارودۆخی ئێستای سووریا و لێشاوی نوێی پەنابەرانی بە تراژیدیایەکی دیکە وەسف کرد. لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا و رووسیاش بەمشێوەیە دوا: "کاتی زۆرمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا نییە. بەداخەوە کە هەندێک لەم لایەنانەی گوایە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سووریادان، هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاویان نەناوە. بەپێچەوانەوە، کێشە و گرفتی زیاتریان دروستکردووە. رووسیا خەڵکانێک بۆردومان دەکات کە هیچ پەیوەندییەکیان بە تیرۆرەوە نییە و سەرباری هەموو کاردانەوەکان هێشتا لەسەر بۆردومان بەردەوامە. زانیاریمان لایە و دەزانین دانە دانەی ئەو بۆمبانەی رووسیا وەشاندوونی، کەوتوونەتە کوێی سووریا. سەدا ٩٠ی بۆردومانەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکە. تا ئێستا تەنیا سەدا 6ی بۆردومانەکان بۆ سەر داعش بوونە. ئیتر پێویستە لەم بارودۆخەدا، بگوترێت 'بەسە'. چاوەڕێ دەکرێت کە ویژان بێتە دەنگ. بەڵام هیچ کاردانەوەیەک نییە. وەک بڵێی دڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەکار کەوتووە. دەروونی بەستوویەتی، ویژدانی وشکهەڵگەڕاوە. مێژوو ئەو کەس و لایەنانەیش کە نایەنە دەنگ، یاخود نایانەوێ بێنە دەنگ وەک تاوانبار شەرمەزار دەکات. ئەوانەیش کە تەنیا سەیری روداوەکان دەکەن و لە ئاست ئەم تاوانە مرۆییە دەستەوەستانن، شەرمەزار دەبن. ئەوانەیش کە حەلەب و بایربوجاکی ئازیزیان لە سووریا بە گشتیی کردە گۆمی خوێن، بێگومان رۆژێک دێت کە باجەکەی بدەن".
داودئۆغڵو هەروەها گوتی: "تورکیا دوایین قەڵای لێقەوماوانە. تورکمانەکانی بایربوجاک، کاتێک بێ لانە مانەوە پەنایان هێنایەبەرتورکیا. کوردانی حەسەکە و کۆبانێ کە بەدەست داعشەوە گیریان خوارد و ئاوارە بوون، بەرەو تورکیا هاتن. لەماوەی تەنیا 3 رۆژدا 197 هەزار برای کوردمان هاتنە نێو خاکی تورکیاوە. ئەوەتا ئێستاش عەرەبەکانی حەلەب و ئدلیب دیسانەوە تورکیایان وەک پەناگە هەڵبژاردووە".