دیاربەکر
سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر داوایەکی بۆ ئازادکردنی ٩٤ بەندکراوی دۆسیەی کەجەکە بەرز دەکاتەوە، کە پەرلەمانتاری لابراو خەتیب دیجلە و ژمارەیەک سەرۆک شارەوانی و چەند پارێزەرێکیان تێدایە.
دادگای دەستوری تورکیا دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی چەند بەندکراوێک کە مافیان پێشیلکرابوو ئازادی کردن، لەوانە پەرلەمانتاری جەھەپە موستەفا باڵبای و چوار پەرلەمانتاری بەدەپە و پەرلەمانتارێکی پارتی سەربەخۆ.
دوای ئەو بڕیارە سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر لە خۆئامادەکرندان بۆ تۆمارکردنی داوای ئازاکردنی ٩٤ بەندکراوی کەجەکە لە دادگای سزای قورسی دیاربەکر دەکەن.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر جیھان ئایدن لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری AA، وەک وەبیر ھێنانەوەیەک لەبارەی خێرایی لێکۆڵینەوەی دادگای دەستوری لەسەر دۆسیەی پەرلەمانتارەکان و دەرکردنی بڕیاری ئازاکردنیان گوتی: "بەلای ئێمەوە ئەو بریارە بۆ بەندکراوەکانی تری کەجەکە نمونەیە."
ئایدن ئاماژەی بەبڕیاری دادگا لەبارەی تێپەڕبوونی ماوەی زیندانی تۆمەتبارەکان کردووە، رایگەیاند: داوای ئازادکردنی ٩٤ بەندکراوی کەجەکە بۆ دادگای شەشی سزای قورسی دیاربەکر بەرز دەکەینەوە، لە باری رەتکردنەوەی داواکەماندا بۆ سەرووتر، واتە دادگای چواری سزای قورسی دیاربەکر بەرز دەکەینەوە.
ئایگون گوتی: بە رەتکردنەوەی سکاڵاکە لەلایەن دادگای سەرووتریشەوە دەستبەجێ داوای ئازادکردنی ٩٤ بەندکراوەکە بۆ دادگای دەستوری بەرز دەکەینەوە.
تۆمەتبارکردن
بەتۆمەتی ئەندام بوون و پەیوەندیان بە دۆسیەی کەجەکە، لەلایەن دادگای باڵای دیاربەکر داوای سزای زیندانی ١٥ ساڵ تا زیندانی ھەتاھەتایی بۆ ١٧٥ کەس بەتۆمەتی پشتیوانی و یارمەتیدانی پەکەکە و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی وڵات دەکرێ، کە ئێستا ٩٤ لەوانە بەند کراون، لەنێوانیاندا پەرلەمانتار خەتیب دیجلە کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەوە پۆستەکەی لێ سەنرایەوە و چەند سەرۆک شارەوانی و پارێزەرێک هەن.