ئیستەنبوڵ
مەجلێسی ئاشتی تورکیا لە میانەی مەراسمێک لە ھۆڵی بۆنەکانی لوتفی کێردار بە ئامادەبوونی نووسەری ناودار یاشار کەمال و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بەدەپە خەڵاتی ئەمساڵی ئۆرھان دۆغانی پێشکەش بە گروپی موسیقای قاردەش تورکولەر کرد.
لەو مەراسمەدا کە ھەر یەک لە نووسەری رۆژنامەی حوریەت ئەحمەد ھاکان، مامۆستای فیزیای زانکۆی تکنیکی ئەستەنبۆڵ پرۆفسۆر دکتۆر عایشە ئەرزان، مامۆستای کۆلێژی پیشەسازی زانۆکی بۆغازچی پرۆفسۆر دکتۆر عایشە سوسیال، بەرێوەبەری گشتی رۆژنامەی ئەڤرەنسەل فاتێح پۆلات، گوتەبێژی مەجلێسی ئاشتی تورکیا ھاکات تەھماز، ھیدایەت شەفەقەتلی توکساڵ، رێکخەری ناوەندی حافێزە موراد چەلیککان، گولتەن قایا و ئۆرھان دنیک ئەندامی لێژنەی ژوورێ بوون خەڵاتی ئاشتی ئەمساڵی ئۆرھان دۆغان پێشکەشی گروپی موسیقای قارداش تورکولەر کرا.
دوای پێشکەش کردنی خەڵاتەکان سۆلیست فەریال ئۆنەی لە سەر ناوی گروپی قاردەش تورکولەر وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی" ئەم خەڵاتانەی بەرھەمی خەباتی ٢٠ ساڵەیە و لەو ماوەیەدا چەندین گۆرانیمان بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی چڕیوە، کاتێک دەستمان بە چڕینی یەکەم گۆرانی کرد کەس بۆی نەبوو وشەی ئاشتی بەکار بھێنێ.
لە بەردەوامی مەراسمەکەدا گوتەبێژی مەجلێسی ئاشتی تورکیا (ھاکان تاھماز)یش گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی" بیرۆکەی خەڵاتی ئۆرھان دۆغان بۆ جاری یەکەم لە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزدا پێشکەش کرا و ھیوادارم لە ساڵانی داھاتوویش دابەش کردنی ئەم خەڵاتانە بەردەوام بێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەم مەراسمەدا جێگری سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی ( گولتەن كشاناك)یش لە میانەی گوتارێکدا باسی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا کرد و گوتی" تورکیا چوار مانگە چاوەڕوانی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنە کەچی حکومەت لە جیاتی راگەیاندنی ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا لە سەر چەند شتێک گفتوگۆ دەکا.
قشاناق بەمجۆرە درێژەی بە قسەکانیدا" ئاکەپە چەندین جار لە سەر پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن کۆبووە، ئەو ئێمەین کە دەبێ پەیداویستییەکانمان دابین بکرن کەچی ئێمە ئاگامان لە ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە نییە و سەرۆکوەزیرانیش لە میانەی لێدوانەکانی خۆیدا دەڵێ لەم پاکێجەدا باسی پەروەردە بە زمانی زگماکی، رێژەی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردن و یاسای شەڕی دژە تیرۆر نەکراوە.
گولتەن قشاناق راگەیاند: سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ دابەزاندنی ئاستی چاوەڕوانی خەڵک لەم پاکێجە دەڵێ ئەمە دواین ھەنگاو نییە، ١٢ ساڵە ئێمە چاوەڕوانین تا ئاکەپە رۆژێک دیموکراسی بێنێ.