ھەولێر - ھێمن بابان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت بەرپرسێکی کۆمیتەیەکی لە ھەولێر بەھۆی رێگریکردن لە تەزویرات بریندارکراوە و کوڕەکەشی ھەر لەو رێگەیەدا کوژراوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە مەڵبەندی سێی ھەولێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەریکردووە دەڵێت بەرپرسی کۆمیتەی یەکی رێکخستنەکانی یەکێتی لە ھەولێر لە بنکەی دەنگدانی برایی لەو شارە بە واجباتی خۆی ھەستاوە بۆ "رێگرتن لەو کەسانەی کە دەیانویست بچنە ناو وێستگەکانی دەنگدان پاش تەواوبوونی پرۆسەی دەنگدان، بەڵام لە پشتەوە لە لایەن چەند چەکدارێک دەسترێژییان لێ کرد"، لەبارەی ناسنامەی تەقەکەرەکانیشەوە لەبەیاننامەکەی یەکێتی ھاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پاش تەواوبوونی شەڕی خوێناویی چەند ساڵەی نێوانیان رێککەوتننامەیەکی ستراتیژییان واژۆکرد و چەند ساڵێکە ھاوپەیمانن دەڵێت" گوماندەکرێ تەقەکەرەکان لە ھێزەکانی پاراستنی بنکەکە (ئاسایش و پۆلیس)بن"، ئەم رووداوە کە برینداربوونی بەرپرسی کۆمیتەکە بەناوی عومەر فەرحان و چەند ھاوڵاتییەکی تری لێکەوتووە دواجار کوژرانی کوڕێکی بەرپرسی کۆمیتەشی لێکەوتەوە بەناوی سەرکەوت.
یەکێتی نیشتمانی داوا دەکات ھەر چی زووە لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو رووداوە بکرێت و بکوژانی سەرکەوت و بریندارکارانی ئەو رووداوە بە سزای یاسایی خۆیان بکەن.
ھاوکات ھێرشێکی توندیشی کردووەتە سەر کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کە " بێ لێکۆڵینەوەی رەسمی راستییەکانیان چەواشەکردووە بەپێی ئارەزوو و قازانجی خۆیان مەسەلەکەیان شێواندووە گوایە ئەو ھەڤاڵە ویستوویەتی بەکامێرا وێنەی کەسانێک بگرێت کە دوای تەواوبوونی وادەی دەنگدان و داخستنی بنکەکان ھەوڵیانداوە خۆیان بخزێننە ناو بنکەکانی دەنگدان و بە نایاسایی دەنگی خۆیان بدەن"