ئەنقەرە
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز لەو بارەیەوە گوتی:" سەرەتا نەوتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە ناوچەی سلۆپی. دوای سیانە کردنەوە و تاقیکردنەوەی بۆری نەوتبەر لە نێوان سلۆپی و جەیھان، حەفتەی داھاتوو نەوتی ھەرێمی کوردستان دەگاتە بەندەری جەیھان."
یڵدز لە بارەی پێشنیارەکانی حوسێن شەھرستانی، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، دووپاتیکردەوە ئەو پێشنیارانە شتی چاکن، شەھرستانی سێ مەرجی حکومەتی عێراقی بە تورکیا گەیاندووە کە بریتین لە دەستنیشانکردنی رێژەی ھەناردن، دەستنیشانکردنی ئەو رێژەیە لە لایەن بەغداوە، هەروەها دانی ٥%ی ئەو داھاتە بە نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو قەرەبووی جەنگ. یڵدز گوتی:" ئەگەر ئەو مەرجانە کە مەرجی باشن لە نێو ئەو رێککەوتن نامانەدا ئاماژەیان پێ بدرێ ئەوا خزمەتی ئاسایی کردنەوەی رەوشی عێراق و بووژاندنەوەی ئابووریی عێراق دەکەن."
لە بارەی دەستنیشانکردنی رێژەی وەرگرتنی نەوت وەکو مافی گواستنەوەی نەوت، یڵدز جەختیکردەوە، تازە کۆتایی بە تاقیکردنەوەکان ھاتووە، لەمەودوا پرۆسەکانی دیکە دەست پێدەکەن، "لە سەرەتاوە ئێمە وەکو تورکیا ئاماژەمان بەوە کردبوو کە ئەو پرۆسانە بە ھاوبەشی ئەو کەس و لایەنانە ئەنجام دەدرێن کە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە دەستنیشان کراون. ئەو نەوتە نەوتی تورکیا نییە ھی عێراقە بۆیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو رێژەیە دەبێ نوێنەری عێراقیش بەشداری لە پرۆسەکەدا بکا، حەفتەی داھاتوو دەست بە ھەناردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان دەکرێ."