ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بەکر بۆزداغ) لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا گوتی " پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن پێویستی بە تاوتوێکردن و پێشخستن ھەیە لەسەر چەند تەوەرێکی جیا. ھەندێ پرس ھەن پێویستە لە پەرلەمان، ئەوانی دیکە بەشێوەی ئیداری و ھەنگاوی لێکنزیکبوونەوەی دیکە یەکلایی بکرێنەوە. دڵنیام پەرلەمان لەھاریکاریی حکومەت و پارتە سیاسییەکان سەرکەوتوو دەبێ لە کارەکانی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن ".
بۆزداغ بەمجۆرە وەڵامی چەند پرسیارێکی جۆراوجۆری دایەوە " پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبێ و لەبارچوونی پڕۆسەکە مەحاڵە. چونکە چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا ئەرکی سەر شانی ئێمەیە. چارەنووسی پڕۆسەکەش بەند نییە بە لێدوانی تاکە کەسێ. دوا بڕیار لای حکومەتە".
بۆزداغ لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکەوە گوتی " بێ گوێدانە لایەنەکانی دیکە لە کارەکانی پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین. ئەو کارە لە بەرژەوەندیی میللەتدا تەواو دەکەین".