Fuat Kabakcı
01 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2021
ئەنقەرە- AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەهەمبەر کوشتنی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە پارێزگای ئەدیرنە، یاداشنامەیەکی ناڕەزاییەتی ئاراستەی یۆنان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی دەرەوە وەرگیراون، ئێوارەی دوێنێ لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای ئەدیرنە، هێزەکانی یۆنان دەستڕێژی گوللەیان لە ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی کردووە و لە ئاکامدا، هاووڵاتییەکی تورک کوژراوە و وەک ناڕەزاییەکیش نوێنەری یۆنان لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە، ئێلێنی ڤاکالی بانگێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە و یاداشنامەیەکی ناڕەزاییەتی رادەست کراوە.
لە یاداشنامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە تورکیا ئیدانەی ئەم رووداوە دەکات و داواکارە؛ لێکۆڵینەوەی لە بارەوە بکرێت، ئەنقەرە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئاگادار بکرێتەوە، بکوژەکە یان بکوژەکان بە سزای خۆیان بگەیەندرێن و رێوشوێنی پێویستیش بگیردرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی، هەروەها قەرەبووی خێزانی قوربانییەکە و تەواوی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە بەهۆی رووداوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رووداوەکە لە گوندی ئاداساهارلی سەربە قەزای مەریچ لە پارێزگای ئەدیرنە روویداوە و دوو هاووڵاتی گوندەکە کە چووبوونە سەر لێواری رووباری مەریچ، لەلایەن هێزەکانی یۆنانەوە دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە و یەکێکیان دەستبەجێ کوژراوە.