Mazın Asad
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوە تورکیا، لە چوارچێوەی دوا پیشھاتەکان لەبارەی گەشتکردنی ھاووڵاتیانی تورکیا بۆ عێراق یاخود ئەو ھاووڵاتییانەی لە عێراقن، راگەیەندراوێکی لەمەڕ گەشتکردن و ئاسایش لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە چوارچێوەی ھۆشداری گەشتکردن بۆ عێراق لە ھەڵومەرجی ھەستیاری ئەمنی لەو وڵاتەدا، ھۆشدارییەکانی رێکەوتی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە کە ھۆشداری گەشتکردن بۆ شارەکانی عێراق عێراق بێجگە لە شارەکانی دھۆک، ھەولێر و سلێمانی ھەرێمی کوردستان دراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رزگارکردنی شاری موسڵ لەدەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بەرەبەیانی ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، بە لەبەرچاوگرتنی خراپبوونی ھەڵومەرجی ئاسایشی گشتی ئەو وڵاتە و لە چوارچێوەی ئەگەری رووداوەکانی بە ئامانجکردنی بەرژوەندییەکانی وڵاتەکەمان لە عێراق، جارێکی دیکە خاڵەکانی ھۆشداری گەشتکردنی رێکەوتی ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ بۆ رای گشتی دووپات دەکەینەوە".
لە بەشێکی راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە کراوە کە بێجگە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان و ھاووڵاتییانی تورکیا لە شارەکانی ئەنبار، بابل، بەغدا، بەسرا، دیالە، زیقار، قادسیە، کەربەلا، کەرکووک، میسان، موسەننا، نەجەف، نەینەوا، سەڵاحەدین و واست لە ھەموو ھەڵومەرجێکدا ئاگاداری خۆیان بن و دووربکەونەوە لە قەرەباڵغی و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە کە ھاووڵاتیانیان گەشتەکانیان بۆ عێراق سنووردار بکەن و پێشنیاریشی بۆ ھاووڵاتیانی تورکیا کردووە کە ئەو شارانەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە لە کورتترین ماوەدا جێی بھێڵن.
ھاوکات لە راگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھاووڵاتیانەی لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە لە چاو شارەکانی دیکە عێراق زۆر ئارامترە و بەو ھۆیەوە داوا کراوە لەو ناوچانە دووربکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش تێدا بەردەوامە و لەوبارەیەوە راشیگەیەندراوە کە گرنگە ھاووڵاتیانی تورکیا لەگەڵ ھۆشداری و رێنماییەکانی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ئەمنییەوە بگونجێن.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە کە رەنگە لە چوارچێوەی ھۆشدارییەکانی گەشتکردن و ئەمنی عێراق گۆڕانکاریی بکرێت و ھاتووە "چاودێریکردنی ھۆشداریی و رێنماییەکانی وەزارەتەکەمان، باڵیۆزخانەی بەغدا و قونسوڵخانەی گشتی ھەولێر لەبارەی بارودۆخی ئەمنی گرنگی خۆی ھەیە. لەکاتی پێویستدا دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی باڵیۆزخانەی بەغدا و قونسوڵخانەکەمان بکەن".