Mümin Altaş,Muhammet Ali Kemal
31 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
لە تورکیا کابینەی سەرۆکایەتی بۆ جاری دووەم بە سەرۆکایەتی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەرێوەدەچێت و کاتژمێر ١٤:٣٠ دەستپێدەکات.
کابینەی سەرۆکایەتی کە سیستمەکەی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ جاری دووەم کۆدەبێتەوە و بابەتی سەرەکی رۆژەڤی کۆبوونەوەکە بریتییە لە لێدوانەکانی هەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی، مایک پێنس کە باس لەوە دەکەن بە هۆی دادگاییکردنی قەشە، ئاندرو کرەیگ برونسن-ەوە سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنن.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت وەزیرەکانی کابینەکە کە لە رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە پەیوەندییدارەکان و هاوپیشەکانیاندا کۆدەبنەوە، نەخشەڕێگای نێوانیان دەستنیشانکردووە، زانیاریی سەبارەت بە پلانی کاریان لە نزیک و دوور مەودادا پێشکەش بە سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان بکەن.
کابینەی سەرۆکایەتی یەکەم کۆبوونەوەی رۆژی هەینی ١٣ی تەمووز ئەنجامدابوو.