Yıldız Nevin Gündoğmuş,Zahir Sofuoğlu
19 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2024
قاھیرە ــ AA
تورکیا بە نیازە بەرلە ھاتنی مانگی ڕەمەزان، دوو کەشتی دیکەی یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی غەززە بکات.
سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری تورکیا، فاتیمە مێریج یڵماز بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی داھاتوودا، ھاوکارییەکانی نێوان تورکیا و میسر، زیاتر دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا کە میسر ڕۆڵێکی گرنگ دەگێرێت لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە و گوتی: "ئێستا گەورەترین کێشە لە غەززە، خۆی لە برسێتی دەبینێتەوە، تەنانەت ئێستا پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و ئاو لەناو کەرتی غەززە وەک پێویست دەست ناکەون".
فاتیمە مێریج یڵماز لەبارەی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا لەلایەن تورکیاوە ڕەوانەی غەززە کراون، گوتی: "تا ئێستا لە ڕێگای ١٢ فڕۆکە و پێنج کەشتییەوە، یارمەتی مرۆییمان ڕەوانەی غەززە کردووە".
ڕاشیگەیاند: "بەر لە ھاتنی مانگی ڕەمەزان، دوو کەشتی دیکەی یارمەتی مرۆیی ڕەوانەی غەززە دەکەین".
داوایشی لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد کە یارمەتییە مرۆییەکانیان بۆ کەرتی غەززە چڕتر بکەنەوە کە نزیکەی پێنج مانگە ڕووبەڕووی شەڕێکی وێرانکاری ئیسرائیل بووەتەوە.