Kemal Karadağ
26 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
بەپێی گشتاندنێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا، لەمڕۆوە تا چوار رۆژی دیکە بە هەماهەنگیی پارێزگا و قایمقامەکان لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا بەتایبەتی بازاڕ، ناو ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی بەکۆمەڵ و مۆڵەکاندا بەشێوەیەکی چڕ چاودێری ئەوە دەکرێت کە رێنماییەکان بەجێدەگەیەندرێن یان نا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە گشتنادنێک لەبارەی چاودێریکردنی رێنماییەکانی دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئاراستەی سەرجەم پارێزگاکان کراوە.
لە گشتاندنەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبوون بەو رێنماییانە کراوەتەوە کە دیاریکراون لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، وەک پاکوخاوێنی، بەستنی دەمامک و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە ئەو چاودێریانەی بە هەماهەنگیی پارێزگا و قایمقامەکان دەکرێن هاوکاری باش بوون لە بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەدا.
بەپێی گشتاندنەکە لە ٢٦-٢٧-٢٨ و ٢٩ی تشرینی دووەمدا لە سەرجەم پارێزگاکاندا بە هەماهەنگیی پارێزگار و قایمقامەکان لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا بەتایبەتی بازاڕ، ناو ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی بەکۆمەڵ و مۆڵەکاندا چاودێری چڕ دەکرێتەوە.