ئەنقەرە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەمنیەتی توركیا لە لێدوانێكی چاپەمەنیدا بڵاوی كردەوە كە لە چوار رۆژی دوایی جەژنی رەمەزاندا ٨٤ رووداوی ھاتوچۆ كە مردنیان لێكەوتۆتەوە ١٠٨ كەس گیانیان لەدەست داوە و لە كۆی ھەزار و ٨٢٤ رووداوی دیكەی هاتووچۆ كە كەس گیانی لەدەست نەداوە و تەنیا برینداری لێكەوتۆتەوە، چوار ھەزار و دوو كەسی بریندار بوون.
لە بەشێكی دیكەی ئەو لێدوانە چاپەمەنییەی ئەمنیەتدا ئاماژە بەوە كراوە كە لەو ٨٤ رووداوەی كە بە ھۆیانەوە ١٠٨ كەس گیانیان لەدەست داوە، ٦١ رووداویان لە رێگاكانی نێو گوندەكان كە لە ژێر كۆنترۆڵی ھێزەكانی جەندەرمەدان روویان داوە و ٤٧ رووداوی دیكەش لە رێگای نێو شارەكان كە لە ژێر كۆنترۆڵ پۆلیسدان روویان داوە.
رۆژی یەكەمی جەژن ٢٦ رووداو هاتونەتە ئارا كە بە ھۆیانەوە ٢٨ كەس گیانیان لەدەستداوە و بە ھۆی ٤٨٢ رووداوی دیكە ھەزار و ٣٤ كەس بریندار بوونە. رۆژی عەرەفەش كە رۆژی یەكشەممە بووە بە ھۆی ٢١ رووداوی ھاتوچۆوە ٣٢ كەس گیانیان لەدەستداوە و بە ھۆی ٤٨١ رووداوی دیكەوە ھەزار و ٢٣ كەسی دیكە بریندار بوونە. رۆژی ٢٨ی تەمووز كە رۆژی یەكەمی جەژن بووە بە ھۆی ١٢ رووداوی ھاتوچۆوە ١٧ كەس گیانیان لە دەست داوە و بە ھۆی ٤٠٣ رووداوی دیكەوە ٨٩٨ كەسی دیكە بریندار بوونە. رۆژی دووەمی جەژنیش بە ھۆی ٢٦ی رووداوی ھاتوچۆوە ٣١ كەس گیانیان لەدەست داوە و ھەزار و ٤٧ كەسی دیكە بە ھۆی ٤٥٨ رووداوی دیكە بریندار بوون.