قەیسەری
وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز رایگەیاند: "لە رۆژانی رابردوو چەند كەس و لایەنێك دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە گوایا توركیا لە سوریا و عێراق نەوتی لە چەكدارانی داعش و بەرەی نوسرا كڕیوە، ئەو دەنگۆیانە بە گشتی دوورن لە راستی و ھیچ بنەمایەكیان نییە."
یڵدز گوتی: "توركیا بە قۆناغێكی زۆر گرنگی سیاسیدا تێپەڕ دەبێ، رۆژی ١٠ی ئاب بۆ جاری یەكەم خەڵكی توركیا بە شێوەیەكی راستەوخۆ سەركۆمار ھەڵدەبژێری، سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا پێكەوە كار دەكەن و توركیا گەیشتووە بەو رۆژانە كە ھەر سێ سەرۆكایەتی پێكەوە كار بكەن و لە ئێستادا ھەوڵ بۆ بونیادنانی توركیای نوێ دەدەین. پشت بەخوا بە بۆنەی خۆپاڵاوتنی سەرۆكوەزیران بۆ پۆستی سەركۆماری رۆژی ھەشتی ئاب لە قەیسەری كۆبوونەوەیەكی جەماوەری ئەنجام دەدرێ و ھەموومان پێكەوە بۆ بونیادنانی توركیای نوێ و بەرەو پێشەوە بردنی ھەڵمەتی پڕۆپاگەندە پشتگیری لە سەرۆكوەزیران دەكەین."
تانەر یڵدز بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "توركیا نە تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەڵكو لە سەر ئاستی ناوچەشدا بەھێزتر دەبێ و لە ھەمانكاتدا داھاتی سەرانە لە توركیا سێ ئەوەندە بەرز دەبێتەوە و توركیا لە كاتێكدا كە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامانجی داناوە، لە لایەن چەند كەس و لایەنێكەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێ كە نەوتی لە داعش و بەرەی نوسرا كڕیوە، ئەو جۆرە دەنگۆیانە دوورن لە راستی و ھیچ بنەمایەكیان نییە. ئەو دەنگۆیانە بە گشتی بێ بنەما و دوورن لە راستی و ئامانج لەو جۆرە تۆمەتانە بێ ئیعتیبار كردنی توركیایە، حكومەتی توركیاش وەكو حكومەتێكی یاسایی بە ھیچ شێوەیەك گوێ بەو جۆرە تۆمەتانە نادا و ئێمەیش ئەو جۆرە پڕۆپاگەندانە كە وا نیشان دەدەن گوایا توركیا لە نێو گروپە تیرۆریستییەكاندایە رەت دەكەینەوە و بە دڵنیایی و بە زمانێكی زۆر راشكاوانە بە درۆی دەخەینەوە و هەمووشمان دەزانین هەوڵێك هەیە بۆ لاوازكردنی توركیا."