Muhammed Emin Canik, Büşranur Keskinkılıç
26 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2026
ئەو فڕۆکەیەی تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن و هاوکاریی مرۆیی تورکیای هەڵگرتووە، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک له ئیستانبوڵەوە بەرەو ڤێنزوێلا بەڕێکەوت.
بەڕێوەبەری لقی ئیستانبوڵی سهرۆكایهتی كارهسات و باری لهناكاوی توركیا (ئافاد)، پرۆفیسۆر د. هالوک ئۆزێنەر پێش بەڕێکەوتنی ئەو فڕۆکەیەی تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن و پێداویستییەکانی هاوکاریی مرۆیی بۆ ڤێنزوێلا دەگوازێتەوە، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک له ئیستانبوڵ بۆ ڕۆژنامهنووسان دووا.
ئۆزێنەر باسی لهوه كرد كه دوای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک بە گوڕی ٧،٢ و ٧،٥ پلە بهپێوهری ڕێختهر لە ناوچەی یاراکوی لە ڤێنزوێلا، پاش بە پەیوەندی کردن بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەتایبەتی وەزارەتی دەرەوە، بەرگریی، تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئاسایشی سەرۆکایەتی کۆمار، دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە.
ئۆزێنەر ئاماژەی بهوه کرد فڕۆکەیەکی سەربازی بۆ گواستنەوەی تیمەکانی فریاگوزاری دابینکراوە و، تیمێكی ٣٨ کەسی ئافاد، تیمێكی شهش کەسی بههاناوهچوونی بهپهلهی تهندروستیی، تیمێكی دوو کەسی مانگی سووری تورکی، لهگهڵ دوو سەگی پشکنین و دوو ئۆتۆمبێلی گەڕان بگوازێتەوە بۆ ڤێنزوێلا.
هەروەها ئۆزێنەر باسی لهوه كرد کە ئەمساڵ هاوکاریی مرۆیی گهیهندراوهته ١١ وڵات بەتایبەت غەززە، سووریا، پاکستان و ئەفغانستان، پێشتریش تیمەکانیان هاوکاریی ئەو وڵاتانەیان کردووە کە کارەساتی سروشتی یان مرۆییان تێدا ڕووداوە وەک ژاپۆن، هایتی، ئێل سالڤادۆر، ئالبانیا و بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا.