Muhammet Ali Kemal
12 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەی 'بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو کاتەی بەتەواوەتی چەکەکان فڕێ دەدرێن و دەنێژرێن بەردەوام دەبێت' ، راشیگەیاند: ''ئەمە بابەتی دانوستاندن نییە. واتە لە کەشێکدا کە چەک و چالاکییە تیرۆریستییەکان بوونیان هەبێت، ناتوانرێت هیچ جۆرە دانوستانێک ئەنجام بدرێت. تورکیا وڵاتێکی ئازادە، هەموو کەسێک گوزارشت لەو بۆچوونە دەکات کە باوەڕی پێیەتی، بەڵام دوای ئەوەی کە قسەیکرد، ئەگەر بێت و چەک بگرێت بەدەستییەوە بۆ ئەوەی قسەکانی بسەپێنێت، ئەوا ئێمە ئەو چەکەی پێ دادەنێین''.
داودئۆغڵو لە ئورفا لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی خەبەرتورکدا بە ناوی ''ئێستا و لێرەدا'' بەشداری کرد و وەڵامی پرسیاری گەنجانی دایەوە.
لەوەڵامی پرسیاری گەنجێکدا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە، ئەحمەد داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەمووان ئەوە ببینن کە بە سەدەیەکی درێژ و پڕ ناڕەحەتیدا تێدەپەڕن، جەختی لەوەشکردەوە لەچوارچێوەی پرۆسەی چارەسەرییدا ژمارەیەکی زۆر کرانەوەی دیموکراتییان ئەنجام داوە و رایگەیاند: ''لە رابردوودا ئەگەر بهاتایە و بویسترایە لە ئاهەنگێکدا گۆرانییەکی کوردی بگوترایە، ئەوا لێکۆڵینەوەی لێدەکرا یان دەبران بۆ لێپرسینەوە. لە سەردەمی ٢٨ی شوباتیشدا هەمان رێکار دژی ئەو کەسانە دەگیرایە بەر کە پەروەردەی خوێندنەوەی قورئانیان وەردەگرت. ئێمە بەڵێنمان دا کە هەموو یاساغەکان هەڵگرین. ئەم یاساغانە دژی سرووشتی مرۆڤن. هەموو زمانێک پیرۆزە، ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە بەو زمانانە چی دەگوترێت، گوزارشتی لە چی پێدەکرێت. تورکیە جوانەکەی یونس ئەمرە و کوردییە جوانەکەی فەقێ تەیرانیش زمانی ئێمەن. ئێمە ئەم زمانانە لەیەکتری جیاناکەینەوە. هەر لەبەر ئەوەیش بواری ئازادییەکانمان فراوان کرد. لەبەر ئەوەیش هەموو شتێک وای لێهات کە لەو چوارچێوەیەدا باس بکرێت. هیچ کەس بەهۆی بیروڕاکانییەوە ناچار بە کۆچکردن نەکرا، یاساغی نەخرایە سەر. سەرەتا بەمەمان گوت 'کرانەوەی دیموکراتی' و دواتر ناوماننا 'پرۆسەی برایەتی و یەکێتیی نیشتمانیی' و دواتر پێمان گوت 'پرۆسەی چارەسەریی'. ئەوەی کە ئێمە هەمیشە هەوڵمان بۆ داوە، ئەوەیە هەمووان هەست بکەن ئەم وڵاتە هی ئەوانە''.
دواتر سەرۆکوەزیرانی تورکیا هاتە سەر باسی ''پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' و گوتی: ''ئێمە حکوومەتێکین کە ئەم خەباتەمان هەر لە سەرەتاوە بە خۆڕاگرییەوە درێژە پێداوە. چونکە لە پێگەیەکدام کە فەرمانە ئەمنییەکان بەلەبەرچاوگرتنی مەترسی سیاسیی بە یەکە سەربازییەکان، دەدەم. لە ٢٣ی حوزەیرایندا بەهەموو هێزە ئەمنییەکانم گوت کە دەبێت 'بەرەنگارییەکە دەست پێ بکەن'. لە ٢٨ی تەمووزدا فەرمانی ئەوەم دایە فەیلەقەکانی حەوت و هەشت و نۆ کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەست بە بەرەنگاریی بکەن. وەک کەسێک کە لێپرسراوێتی سیاسیی و یاساییم هەیە دەڵێم؛ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەو کاتەی بەتەواوەتی چەکەکان فڕێ دەدرێن و دەنێژرێن بەردەوام دەبێت. ئەمە بابەتی دانوستاندن نییە. واتە لە کەشێکدا کە چەک و چالاکییە تیرۆریستییەکان بوونیان هەبێت، ناتوانرێت هیچ جۆرە دانوستانێک ئەنجام بدرێت. تورکیا وڵاتێکی ئازادە، هەموو کەسێک گوزارشت لەو بۆچوونە دەکات کە باوەڕی پێیەتی، بەڵام دوای ئەوەی کە قسەیکرد، ئەگەر بێت و چەک بگرێت بەدەستییەوە بۆ ئەوەی قسەکانی بسەپێنێت، ئەوا ئێمە ئەو چەکەی پێ دادەنێین''.