Hamza mansur . Sarmand Hameed
25 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2016
فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا، نەخۆشخانەیەك و ناوچەكانی نیشتەجێبوون لە شارۆچكەی ئەتارب سەربە شاری حەلەب ـی باكووری سووریایان بە چڕی بۆردومانكرد كە بەهۆیەوە 10 كەس كوژران و 40ی دیكەش برینداربوون.
سەرچاوەیەك لە شوێنی بۆردومانەكەوە كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا، بە چڕی نەخۆشخانە و بازاڕێكی میللی لە شارۆچكەی ئاتارب كە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنە بۆردومان كرد".
سەرچاوەكە هەروەها رایگەیاند، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە 10 كەس كوژران و 40ی دیكەش برینداربوون كە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەیە و هەروەها بۆردومانەكە زیانی زۆری وێرانكاری بە نەخۆشخانە و بازاڕەكەدا گەیاندووە.
هەر بەپێی سەرچاوە نێوخۆییەكان، لەلایەكی دیكەوە فڕۆكەكانی جەنگی رووسیا، هێرشیانكردە سەر هەردوو شارۆچكەی عیندان و سمان كە سەربە شاری حەلەبن، بەڵام زیانە گیان و مادییەكانی ئەو هێرشانە نەزانراوە.
دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتی تەندورستی حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دایە رایگەیاند، شەش نەخۆشخانە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەستاون، بەهۆی ئەوەی پێشتر لەلایەن فڕۆكەكانی هێزەكانی رژێم و رووسیاوە بۆردومان كراون.