Zafer Fatih Beyaz
16 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
ئەنقەرە - AA
هێزەکانی کۆماندۆی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە پاڵپشتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، بەناو ئەندامی سەرکردایەتی ناوچەی ئاڤاشین-ی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیان لە چالاکی خست.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە وەرگیراون، لەڕێی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، حەشارگەی گرووپێکی تیرۆریستی لە ناوچەی ئاڤاشین ئاشکرا کراوە کە لە ئامادەکاریدابوون بۆ ئەنجامدانی هێرش.
دواتر هێزەکانی کۆماندۆ ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر ناوچەکە ئەنجامداوە و گرووپە تیرۆریستەکەیان لە چالاکی خستووە و لە میانی لێکۆڵینەوەکانیشدا دەرکەوتووە یەکێک لە تیرۆریستەکانی ناو گرووپەکە، بیلال ئۆنات بووە کە بەناو ئەندامی سەرکردایەتی رێکخراوەکە بووە لە ئاڤاشین و ناوی خوازراوی "دەڤریم گارزان"ی هەبووە، تیرۆریستێکی دیکەشیان ناوی مەزڵوم یڵماز بووە و لەناو رێکخراوەکەدا، ناوی خوازراوی "سیدار ئامەد"ی بەکارهێناوە.
هەفتەی رابردووش لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە سەربازییەکانی تورکیادا لە ناوچەی زاپ، تیرۆریستێکی دیکەی پەکەکە بەناوی فەرید یوکسەل لە چالاکی خرا کە بەرپرسی هەواڵگریی رێکخراوەکە بوو لە زاپ و ناوی خوازراوی "سەرزان ماڤا"ی بەکارهێناوە.