سامسون
ئەندازیارێکی میکانیکی لەشاری سامسون بەناوی جەناب بایراکتار، فڕنێکی کاربۆنیکی دروستکردووەو بەھۆیەوە لە چڵەداری فندق خەڵوز بەرھەمدێنێ.
بایراکتار بۆ AA گوتی: "ماوەیەکی زۆر خەریکی دۆزینەوەی رێیەک بووم بۆ بەرھەمھێنانی خەڵوز بە کوالێتی بەرزو ئاسان لە بەرھەم ھێناندا. دوای کارکردنی زۆر تا گەیشتم بەم فڕنە کاربۆنیکییە."
بایراکتار کە کارگەیەکی کلێنکسی لە وڵاتی لیبیا بنیاتناوەو ١٥ ساڵ کاری تێداکردووە گوتی: "زۆر حەز بە دروستکردنی شتی تازە دەکەم، بەتایبەتی مەکینە. رۆژێ بیستم کە تورکیا داری خەڵوز لە وڵاتانی چین، روسیا، ئیندۆنیزیا، کوبا، مالیزیا وەردەگرێ. زۆر خەمم بۆ ئەو مەسەلەیە خوارد، چونکە لەکاتێکدا ساڵانە رێژەیەکی زۆر دار بەھەدەر دەدرێ، گونجاو نییە داری خەڵوز لەدەرەوە ھاوردە بکەین."
دوای سێ ساڵ لێکۆڵینەوەو گەڕان بایراکتار توانیویەتی ئەو فڕنەی بیری لێدەکردەوە ئامادەبکا: "جگە لە چڵی فندق دەتوانم خەڵوز لە زۆربەی ئەو دارانە بەرھەم بێنم کە ساڵانە فڕێدەدرێن. بۆ ئەنجامدانی کارەکە پێویستم بە ماوەی ھەشت سەعات ھەیە. بە سیستمکردنی ئەو فڕنە زیانی کەمتر بە ژینگە دەگەیەنێ، چونکە بە رێژەیەکی زۆر کەم گازی پیس دەردەدا لە بەرھەمھێنانی خەڵوز لەڕێی فڕنی کاربۆنیکی. ھەروەھا فڕنەکە گازەکانی میسان و قەتران بەجیا قەتیس دەکا. دەتوانرێ سوود لەو گازانە وەربگیرێ. بەتایبەتی گازی قەتران کە لەبوارەکانی مووشەک، کیمیا، تەندروستی، پیشەسازیی بەکاردەھێنرێ. تا لقەدارەکە چەوربێ ئەوەندە رێژەی گازەکە زیاتر دەبێ. واتا ئەو فڕنە تەنیا بۆ بەرھەمھێنانی خەڵوز نییەو بەس. لە چەندین بواری جیاوازەوە سوودی دەبێ."
ئەو فڕنەی ئەندازیار بایراکتار دەتوانێ رۆژانە بایی زیاتر لە ٢٠٠ دۆلار خەڵوز بەرھەمبێنێ.