قەیسەری
وەزیری وزە و دەرامەتەكانی سروشتی توركیا تانەر یڵدز گوتی: "لە مانگی ئاداری 2014 هەرێمی كوردستان رۆژانە دوو هەزار و 300 بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە دەكرد و حاڵی حازر ئەو رێژەیە بۆ 650 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرز بووەتەوە و ئامانجمان ئەوەیە كە ئەو رێژەیە بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل".
یڵدز لە چوارچێوەی رێوەڕەسمی ناساندنی پڕۆژەی گوندی تەرزیدا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "توركیا پێشبینییەكانی لە بارەی هەرێمی كوردستان دانابوو و جەخت لەوە كرابوویەوە كە هەرێمی كوردستان چەندە نەوتی خاو و غازی سروشتی پێشكەشی سەرچاوەكانی وزەی وڵات و بازاڕەكانی جیهان بكات ئەوا هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات، ئێمە لەو پێشبینییەدا سەلماندمان كە نەتەنیا ناوچەكە بەڵكو ئەمریكایش سەرەڕای نیگەرانییەكانی، بەڵام ئەمڕۆ ناچارە ئەو پێشبینییە قبووڵ بكات، چونكە توركیا ئەوەی راست بوو ئەنجامی دابوو، لە مانگی ئاداری 2014 لە هەرێمی كوردستان رۆژانە دوو هەزار و 300 بەرمیل نەوت هەناردە كراوە بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە بۆ 650 هەزار بەرمیل رۆژانە بەرز بووەتەوە و ئەمەیش بەشێكی زۆر گرنگی هەناردەی نەوتی عێراقە كە 2.7 ملیۆن بەرمیلە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە ئەو رێژەیە لە یەك ملیۆن بەرمیل زیاتر بكەین".
یڵدز گوتیشی: "توركیا بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵوێستی باشی خۆی بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی نێوخۆیی توركیا بە سەرچاوەكانی وزە و هەروەها دابین كردنی پێداویستییەكانی بازاڕەكانی ئەورووپا و حاڵی حازر لە رێًگای دوو بۆڕی نەوت بەری 40 و 46 ئینجەوە لە هەرێمی كوردستانەوە نەوت هەناردە دەكرێت، دەزانن نەوتی بەغدا و نەوتی هەولێر هەناردە دەكرێت و داهاتی ئەو نەوتە هی هەمووی عێراقە و لەو چوارچێوەیەدا توركیا هەمیشە رێزی لە یەكێتی عێراق گرتووە".