Erdal Türkoğlu,Hemın Othman Mohammed
05 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2017
هاتای - AA
ژماره‌ی به‌ركه‌وتوانی هێرشه كیمیاوییه‌كه‌ی پارێزگای ئیدلب كه ره‌وانه‌ی توركیا كراون بۆ چاره‌سه‌ر گه‌یشته 32 كه‌س. له‌وانه‌ش نه‌تونرا ژیانی دوو كه‌سیان رزگار بكرێت و گیانیان له‌ده‌ستدا.
به‌پێی ئه‌و زانیاریه‌ی ده‌ست ئاژانسی ئانادۆڵو كه‌وتووه، ئه‌و هاووڵاتییه سووریانه‌ی به‌ر هێرشه كیمیاییه‌كه كه‌وتوون كه له‌لایه‌ن رژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه كرایه سه‌ر ناوچه‌ی خان شه‌یخون سەربە پارێزگای ئیدلب باکووری سووریا ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرێن بۆ چاره‌سه‌ر.
دوای ئه‌وه‌ی به‌ركه‌وتوانی چه‌كه كیمیاوییه‌كه ده‌هێنرێنه ده‌روازه سنووری جیلڤه‌گۆزو له‌لایه‌ن تیمێكی ته‌ندروستیه‌وه كه جلوبه‌رگی تایبه‌تیان پۆشیوه چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تاییان بۆ ده‌كرێت و، پاشان ره‌وانه‌ی توركیا ده‌كرێن.
له كاته‌كانی به‌یانیه‌وه تا ئێستا 32 كه‌س گوازراونه‌ته‌وه بۆ توركیا و له نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و وڵاته چاره‌سه‌ریان ده‌ستیپێكردووه، به‌ڵام دووان له‌و كه‌سانه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كان بۆ رزگاركردنیان گیانیان له‌ده‌ستدا.
یه‌كێك له به‌ركه‌وتوانی ئه‌و چه‌كه كیمیاوییه كه له نه‌خۆشخانه‌ی حكوومی ره‌یحانلی چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت ژنێكه به‌ناوی وهدا ئاجهج كه ته‌مه‌نی 35 ساڵه. ئاجهج به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند كه كاتی هێرشه‌كه له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی له ماڵه‌وه بوون.
ئاجهج باسی له‌وه كرد كه به ده‌نگه ده‌نگێكی زۆر خه‌به‌ری بووه‌ته‌وه و، گوتی: "كه‌وتینه به‌ر كاریگه‌ری گازه‌كه. هه‌ڵساین به‌ڵام ده‌كه‌وتین، نه‌مانده‌توانی به‌پێوه بووه‌ستین. سه‌رمان گێژی ده‌خوارد و گه‌ده‌مان تێكچوو. تووشی هه‌ناسه سواری بووم. واملێهات هه‌ناسه‌م بۆ نه‌ده‌درا. فرمێسك به چاوانمدا ده‌هاته خواره‌وه. پاشان له‌هۆش خۆم چووم و خۆمم له نه‌خۆشخانه‌كانی توركیادا بینیوه. هیچ شتێكم له بیرنایه‌ت. بارودۆخی هاوسه‌ر و دوو منداڵه‌كه‌م نازانم. نازانم چیان به‌سه‌رهاتووه. هیچ هه‌واڵم لێیان نییه".
هاووڵاتییه‌كی دیكه به‌ناوی مه‌حمود مه‌نسوور كه ته‌مه‌نی 14 ساڵه و له نه‌خۆشخانه‌كان چاره‌سه‌ری بۆ ده‌كرێت، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له كاتی هێرشه‌كه‌دا له فڕنێكدا كاری كردووه.
مه‌نسوور باسی له‌وه كرد كه فڕنه‌كه له نزیك ماڵی خۆیان بووه و، گوتی: "ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره رووی دا. سه‌رم گێژی ده‌خوارد. كه‌وتمه به زه‌ویدا. واملێهات نه‌مده‌توانی ههڵسمه سه‌ر پێ. ئه‌وه‌ی له بیرمدێ ئه‌وانه‌ی چوارده‌ورم كه‌تبوونه ژێر داروپه‌ردووی رووخاوه‌وه و گوێم له ناڵه‌و هاواریان بوو. ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و برینداربوون. هیچی دیكه‌م بیرنایه‌ت".
یه‌كێكی دیكه له به‌ركه‌وتوانی چه‌كه كیمیاوییه‌كه به‌ناوی ئه‌حمه‌د قادر داهیه (31 ساڵ) كه چاره‌سه‌ری كردنی به‌رده‌وامه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له كاتی هێرشه‌كه‌دا له ماڵه‌وه نوستوو بوون و، گوتی: "به‌یانی كاتژمێر 6-7 بوو. بۆردومان ده‌ستیپێكرد و ده‌نگه ده‌نگێكی زۆر دروستبوو. سهرمگێژی خوارد و گه‌ده‌م تێكچوو. به زه‌حمه‌ت هه‌ناسه‌م بۆ ده‌درا. پاش ئه‌وه بیرم نایه‌ت چی روویدا. هیچ شتێك له‌سه‌ر سێ منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌م نازانم. لێره به‌هۆش خۆمدا هاتمه‌وه".