ئەنقەرە
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی تورکیا دەوڵەت باخچەلی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەناو مەڵبەندی گشتیی پارتەکەیدا، باسی لە رەوشی ئێستای تورکیا کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا کۆمەڵێک کێشە هەیە لە تورکیا کە بەردەوام بەرەو دواچوون بەخۆیەوە دەبینێ و دواتر چارەسەرکردنی دوادەکەوێ و لە ئەنجامیشدا کێشەکە گەورەتر دەبێ و سەرەنجام دەبێتە "هەڕەشەیەکی گەورە" بۆ تورکیا.
باخچەلی نیشاندانی رەزامەندی لەسەر پڕۆگرامی ٦٢هەمین کابینەی حکومەتی تورکیا بە بیر هەموو لایەک هێنایەوە و رایگەیاند کە هەر لە سەرەتاوە حکومەتەکەی ئاکپارتی کێشەدار و زەرەردەرە، ئەوەش بە بیانووی ئەوەی کە "هێشتا پەتی بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتە لەدەست رەجەب تەیب ئەردۆغانە."
باخچەلی ئاماژەی بە مادە سەرەکییەکانی حکومەتی نوێی تورکیا کرد کە بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی پێکهاتەی هاوتەریب و داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و پڕۆژەی قۆناغی چارەسەریی و گوتی: "داودئۆغڵوی سەرۆکوەزیرانی نوێ هێشتا بە گوێی ئەردۆغان دەکا، یان راستر لە ژێر راسپاردەی ئەردۆغاندا کار دەکا و حکومەت بەڕێوەدەبا."
گوتیشی: "تورکیا تازە شەرم دایگرتووە، بڕوا هاوبەشەکانی لێ ونبووە، رێز و حورمەتی کەمبووەتەوە، بوونی پەکەکە بە پارتێکی سیاسی و ئازادبوونی بکوژەکەی ناو ئیمرالی بووەتە راستییەکی حاشا هەڵنەگر، هەرکەسێک دژایەتی گەلی تورک بکا پلە و پۆستی بەرزدەبێتەوە و لەناو پارە و سەروەت و ساماندا نقوم دەبێ، تورکیای نوێ لە ژێر ناوی چارەسەریدا خۆی رادەستی پەکەکە کردووە، لە ژێر ناوی ئاشتیدا خۆی پەرش و بڵاوکردووەتەوە. لە ژێر ناوی دەستوەری نوێدا و لە پێناو تێپەڕین و سیستمی سەرۆکایەتیدا گوێی لە پارچە پارچەبوونی وڵات خەواندووە، ئەمەی کە ئەنجام دەدرێ دووبارە باسکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەرە لەسەر مێزی گفتۆگۆکان و مۆندرۆسێکی دیکەیە. ئەمە داگیرکارییەکی دیکە و درێژبووەوەی ئۆتۆنۆمییە بۆ کوردستان."
بای لەوەشکرد کە حکومەتی نوێ لە زاری میدیاکانەوە بڵاوی دەکاتەوە کە نەخشە رێگایەکی نۆ خاڵی رێککەوتنی لەسەر کراوە و هاوکات ئاماژەش بە چڕترکردنی دانوستانەکانی حکومەتی نوێ دەکرێ لەگەڵ پەکەکەدا و رایگەیاند، کە باشوور وباشووری رۆژهەڵات -ناوچە کوردیەکان- وڵات نییە.
باخچەلی ئاماژەی بەوەکرد کە پەکەکە بەردەوام گۆڵ لە ساحەی ئاکپارتیدا دەکا و گوتی: "حکومەت رادەستی چەرخی پەکەکە بووە، بکوژەکەی ناو ئیمرالی راسپاردە دەنێرێتە لای ئەکەپە و یاسای پێ دەردەکا، ناپاکی نوێی تورکیا لە دیالۆگی راستەوخۆی پەکەکە و ئەکەپەوە دەنووسرێتەوە."
لە بەشێکی گوتەکانیدا باخچەلی ئاماژەی بە چەکدارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە کرد لە هەرێمی کوردستان لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) و رایگەیاند، ئەو چەکانەی دەچنە دەستی پێشمەرگە، هاوکات دەچنە دەستی پەکەکە.
باخچەلی گوتی: "کاتێک هاوسەرۆکی هەدەپە بە بێ شەرمانە داوا لە تورکیا دەکا پەکەکە پڕچەک بکا، ئەوە هەموو گومانەکانمان راست دەردەچن."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باخچەلی رایگەیاند کە ماوەی ساڵێک زیاترە باس لە پڕۆژەی قۆناغی بە ناو چارەسەریی دەکرێ و گومانی خۆشی نیشاندا لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی باس لە بێئاگایی سەرۆک ئەرکانی تورکیا نەجدەت ئۆزەلی دەکەن لەمەڕ ئەو پرسە.
هەروەها باسی لە پرسی داواکردنی رادەستکردنەوەی فەتحولڵا گیولەن بە تورکیا لە لایەن ئەمریکاوە کرد و گوتی: "من پێشتر باسی ئەمەم کردووە، دەبێت بەڕێز فەتحولڵا گیولەن بێتەوە و رووبەڕووی ئەو دەسەڵاتە بێتەوە کە ماوەی ١٠ ساڵ پێکەوە کاریانکردووە. ئەگەر فەتحولڵا گیولەن بڕیاری گەڕانەوەیدا، ئەو رۆژەی لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا نیشتەوە، ئەوە حەزدەکەم بزانم کە سەرکۆمار بە فڕۆکەیەکی نوێوە بەرەو کوێ دەچێ."