Halil Şahin,Muhammet Ali Kemal
16 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2017
ئیزمیر- AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم سەبارەت بە گشترپسییەکەی وڵاتەکەی، رایگەیاند ''ئەو ئەنجامەی دەردەچێت هەرچییەک بێت، تاجی سەری ئێمەیە. ئەو بڕیارەی گەلەکەمان دەیدات، جوانترین بڕیارە''.
بینالی یڵدرم بە مەبەستی دەنگدان لەچوارچێوەی گشتپرسی سەبارەت بە دەستووری وڵاتەکەی، بە یاوەری جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، نەکهگەت هۆتار چووە خوێندنگەی عەدنان ئۆڵجای لە شارۆچکەی مەندەرەس.
بینالی یڵدرم سڵاوی لەو هاووڵاتییانە کرد کە لە باخچەی خوێندنگەکەدا بوون و منداڵێکی کچی تەمەن ٣ ساڵانی بە ناوی مەلیسا ئاجار گرتە باوەش، ماچی کرد و دیاریی پێبەخشی.
دواتر هاتە ناو خوێندنگەکە و لەگەڵ کارمەندانی سەر سندووق و لێپرسراوانی بنکەکە تاوێک گفتوگۆی کرد، پاشان دەنگی دا و کارتی دەنگدانەکەی خستە ناو سندووقی ژمارە 1085ەوە.
لەدوای هاتنە دەرەوەی لە خوێندنگەکە و لە وەڵامی ئەو هاووڵاتییانەدا کە چاوەڕێیان دەکرد قسەیان بۆ بکات، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند ''ئێرە باڵکۆن نییە''.
پاشان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەوانان، بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوەکرد لە شارۆچکەی مەندەرەسی پارێزگای ئیزمیر دەنگی داوە و ئەرکی سەرشانی وەک هاووڵاتییەک بە جێگەیاندووە، راشیگەیاند: ''ئێستاش دەچینەوە بە لای کارمانەوە''.
بینالی یڵدرم جەختی لەوەکردەوە کە لە سەرانسەری تورکیادا لە هەر 81 پارێزگاکەدا، لە شارۆچکە و گوندەکان، هاووڵاتییان لە ئارامی و برایەتیدا و بە شێوەیەکی شارستانی دەنگیان داوە و رایگەیاند ''بڕیاری خۆیان دەدەن. ئێوارە کە سندووقەکان کرانەوە، ئەنجامەکان ئاشکرا دەبن. ئەو ئەنجامەی دەردەچێت هەرچییەک بێت، تاجی سەری ئێمەیە. ئەو بڕیارەی گەلەکەمان دەیدات، جوانترین بڕیارە''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا دوای دەنگدانیشی بۆ ماوەیەک لەگەڵ هاووڵاتییاندا قسەی کرد.