دیاربەکر
سەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی سەلاحەدین دەمیرتاش راگەیاند: لە قۆناغی چارەسەری پرسی کورددا بەدەپە رۆلێکی گرنگی دەبینێ و بۆ خۆش کردنی زەمینەی سەرخستنی قۆناغی چارەسەری چی لە دەستی بەدەپە بێ دەیکا.
سەلاحەدین دەمیرتاش لە میانەی کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی لە ناوەندی دیاربەکری پارتەکەی خۆیدا گوتی" پەکەکە ئاگاداری ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکانی نێوان بەدەپە و ئیمراڵییە چونکە ئەو چاوپێکەوتنانە لە لایەن حکومەتەوە تۆمار کراون.
دەمیرتاش باسی سەردانی وەفدی بەدەپە بۆ قەندیلی کرد و رایگەیاند: حەفتەی داھاتوو وەفدی بەدەپە سەردانی قەندیل دەکا و بۆ ئاگاداربوون لە بیروڕای بەرپرسانی کەجەکە سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری لەگەڵیاندا کۆ دەبێتەوە و رەنگە وەفدی بەدەپە دوای گەڕانەوەی خۆی لە قەندیل لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت لە ئەنقەرە کۆ ببێتەوە و گوتی" ئارمانجی ئێمە لەم ھەوڵًدانانە تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی بەردەم قۆناغی چارەسەرییە.
سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی پێدا کە لەم قۆناغەدا تەنیا بەدەپە دەتوانێ زەمینە بۆ دیالۆگی نێوان قەندیل، ئیمراڵی و ئەنقەرە خۆش بکا و بۆ ئەم مەبەستەیش بەدەپە رۆلێکی زۆر گرنگی گرتوە ئەستۆ.
سەرۆکی بەدەپە باسی ناوەڕۆکی پاکێجی دیمۆکراتیزاسیونی تورکیای کرد و گوتی" بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە حکومەت نە لەگەڵ بەدەپە و نە لەگەڵ ئیمراڵیدا گفتوگۆی نەکردووە و بەدەپە ئاگای لە ناوەڕۆکی ئەو پاکێجە نییە.