وان
بەرێوەبەری کلتوورو گەشتوگوزاری پارێزگای وان رایگەیاند: دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری کاریگەری لە سەر کەرتی گەشتوگوزار ھەیە بۆ ناوچەکە بە تایبەتی شاری وان کە خاوەن کەشوھەوایەکی تایبەتە و تا ئەمڕۆ ژمارەیەکی بەرچاو سەردانی ناوچەکەیان کردووە و چاوەڕوان دەکرێ تا کۆتایی ئەم ساڵ نزیکەی ٦٥٠ ھەزار کەس سەردانی ناوچەکە بکەن.
شاری وان خاوەن تایبەتمەندی مێژوویی و سروشتییە و پارێزگای وان ھەوڵ بۆ بە گەشتیاری کردنی شارەکە دەدا و قۆناغی چارەسەریش بۆ ئەم مەبەستە کاریگەری باشی ھەیە.
وان خاوەن بەرزترین رێژی بینینی خۆرە و ساڵانێک پایتەختی شارستانیەتی ئورارتو بووە، لەو رۆژانە و بە دوای چارەسەری کێشەی توندوتیزی و خۆپێشاندانە بێ مۆڵەتەکان، وان خەرێکی گۆڕنە و دەیەوێ ببیتە پایتەختی گەشتوگوزاری ناوچەکە.
بۆ ساڵانێکی زۆر ئەو شارە بە ھۆی بوونی کێشەی توندوتێژی، شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی بە شاراوەیی مانەوە و ئێستە لە ژێر کاریگەری قۆناغی چارەسەری وردە وردە ئەو شارە دەناسرێ.
بەرێوبەری کولتوور و گەشتیاری پارێزگای وان موزەفەر ئاکتوغ بۆ ئاژانسی ئانادۆلو راگەیاند "بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵانی رابردوو رێژەی ھاتنی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بۆ شارەکە تا مانگی ٧ی ئەمساڵ ٥٠% زیادی کردووە و ئەوەیەش بۆخەڵکی وان دڵخۆشکەرە."
موزەفەر ئاکتوغ گوتی" لە ماوەی ٧ مانگی رابردوودا ٣٣٨ ھەزار گەشتیار کە٣٠ ھەزاریان بیانین سەردانی شارەکەیان کردووە و لە چاو ساڵانی رابردوو ئەو ژمارەیەک یەکجار زۆر بووە و چاوەڕوان دەکرێ تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیە بگاتە ٦٥٠ ھەزار کەس."
ئاکتوغ راگەیاند "ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیاری ئێرانی لە کاتی پشوودا سەردانی وان دەکەن و ئەو شارە بوە جێ سەرنجی ئێرانییەکان و گوتی" بومەڵەرزەکەی ساڵی ٢٠١١ کاریگەری خراپی لە سەر ناوچەکە کردووە، بەڵام وردە وردە زیانەکانی قەرەبوو دەکرێنەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی چارەسەری ناوچەکە بۆژاوەتەوە و گەشتیاران لە رێگەی وانە سەردانی ناوچەکانی دیکە بە تایبەتی ناوچەی ھەکاری دەکەن."
سروشت، مێژوو، کەلتوور و دەریای وان، لە رووی گەشتیارییەوە گەورەترین سەرچاوەی شارەکەیە و ئاکتوغ دەڵێ "بە داخەوە تا ئێستەش لە ناوچەکەدا نیگەرانییەک ھەیە لەسەر ھاتنی مرۆڤەکان بۆ ئەو ناوچەیە. ئەوە پێویستی بە دروستکردنی متمانە ھەیە، لەو دوایانەدا بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاوی باشمان ناوە. ئەوانەی دێنە وان، لێرەوە سەردانی ھەکاریش دەکەن. وان لە رووی گەشتیارییە شوێنێکی سرنجڕاکێشە."
سەردانی ھەکاری لە رێگەی وانەوە، بۆ ئێمە زۆر دڵخۆشکەرە. لەمەولاوە وان دەگاتە ئەو ئاستە گەشتیارییەی کە لێی دەوەشێتەوە. لەو باوەرەداین کە قۆناغی چارەسەری کاریگەری پۆزێتیڤی لەسەر بارودۆخەکە دەبێ. ئەوی لە وان چاوەروانین دێتە دی، ئەوە مافی شاری وانە.