ھاکاری
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی گوتارێکی پێشکەش کرد و بە ھەردوو زمانی کوردی و تورکی سڵاوی لە جەماوەر کرد. ئەردۆغان رایگەیاند کە "ئێستا بۆ ھەکاری، گەڤەر، چوکورجا، شەمزینان، شاری ورمێ (رەزائییە)ی ئێران قۆناغێکی نوێ کرایەوە".
ئەردۆغان رایگەیاند کە کردنەوەی ئەو فڕۆکەخانەیە دوو ساڵ دواخراوە و لەم ماوەیەشدا ٩٩ جار ھێرش کراوە و ئامێری کارکردن سووتێنراوە و ھەڕەشە لە بەڵێندەرەکان کراوە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی تەنھا بۆ خەڵکی ھەکاری کراوەتەوە ھاوکات ئەم فڕۆکەخانەیە ٦٥ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری ھەکاری و پێنج کیلۆمەتریش لە ناوەندی شارۆچکەی گەڤەر بەم پێیەش خەڵکی ناوچەکە دەتوانێت لەم فڕۆکەخانەیەوە بۆ ھەموو شارەکانی دیکەی تورکیا گەشت بکەن.
ئەردۆغان رەخنەی لە چەند لایەنێک گرت بەوەی کە رێگربوون لە دروستکردنی ئەو فڕۆکەخانەیە و گوتیشی: "ئەوانە برای کوردی ئێمەیان خۆش ناوێت. ستەم دەکەن، ئێمە برا کوردەکانمان خۆش دەوێت لەبەر ئەوەی خوا ھەروەکو ئێمە ئەوانیشی خوڵقاندووە. لەبەر ئەمە جیاوازی لە نێوان ئێمەدا نییە، عەرەب، کورد، تورک، چارکەز، جۆرجی، بۆ ئێمە یەکە".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە ساڵی پار، نەخۆشخانەیەکی ١٥٠ قەرەوێڵەییان بۆ گەڤەر کردووەتەوە و بەڵام خەڵکەکە ھەڕەشەی لێ کراوە بۆ ئەوەی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئامادە نەبێت.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها لە درێژەدا رایگەیاند کە ئەوان لە قۆناغی داھاتوودا ھەنگاوی گرنگ دەھاوێژن و گوتی: "قۆناغی چارەسەریی بەھەمان بەرقەراری خۆی بەردەوام دەبێت چونکی ئەم قۆناغە بۆ پەکەکە و پارتە درێژکراوەکەی دانانراوە بەڵکو بۆ گەلەکەمان دەستی پێ کردووە. بەھەمان شێوەش پێداگرین لە بەئەنجام گەیاندنی ئەو قۆناغە".
ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە ئەوان بۆ قۆناغی چارەسەریی مەترسی زۆریان ھاتووەتەپێش و رووبەڕووی چەندین لایەن و دەزگا بوونەتەوە. راشیگەیاند کە ھۆکاری سەرەکی ھەوڵی کودەتا بەھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە بووە.
ئەردۆغان لە رێوڕەسمەکەدا ھیوای خواست کە فڕۆکەخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی خێردار بێت بۆ خەڵکی ھەکاری و ناوچەکە.