هەولێر
یەكگرتووی ئیسلامی داوا دەكات حكوومەتی ناوەندی موستەحەقاتی پارێزگای كەركوك لە مووچە و بوودجە و پترۆدۆلار و پارەی گەشەپێدانی پارێزگاكان و موستەحەقاتی مادەی 140 رەوانە بكات. سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە كوتلەی توركمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەردانی ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەجیان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لە هەولێر كرد.
شاندەكە هەریەك لە عەلی مەهدی، تەحسین كەهییە، رەعد روشدی، نەجات حوسێن، عەدنان نورەدین، توركان شاكر لە خۆگرتبوو و لەلایەن ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و خەلیل ئیبراهیم و فەرهاد مەلا ساڵح ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتو و عەلی گردەسۆری ئەندامی مەكتەبی پەیوەندییەكان، عەبدوللەتیف یاسین راوێژكاری راگەیاندنی ئەمیندار پێك هاتبوون. شاندی كوتلەی توركمانی سەرەتا باسێكی كەركووكیان كرد لە رووی سیاسی و سەربازیی و ئابوورییەوە بەتایبەت لە دوای هاتنی داعش و بارودۆخی ئەو ناوچەیەیان تاوتوێ كرد.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج لەو بارەیەوە گوتی "هەموومان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی هاوبەشی كۆبیووینەوە و لەسەری رێككەوتووین و پێویستە دوو پڕەنسیپ جێبەجێ بكرێت، یەكەمیان بریتییە لە ئازادی بۆ ئەوەی هەموان بتوانن گوزارشت لە ویست و ئیرادەكانیان بكەن بە كورد و توركمان و عەرەب بۆ پێكهاتەكانیشەوە، دادپەوەریش بۆ ئەوەی هەموو سامان و دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بە یەكسانی بەسەر هەموو پێكهاتەكاندا دابەش بكرێت و كەسیش لێی بێبەش نەبێت".
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ شاندە توركمانییەكە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەپێویستی دەزانین پارێزگای كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئێوەیش بە مەرجی رەوا لە نێو هەرێمدا بن و تەواوی مافەكانتان بەرجەستە بێت و هەموو لایەنەكان داكۆكی لە مافەكانتان بكەن،ئێوەش وەكو گوتم خاوەن و بەرپرسیار بن لەم نیشتمانە".
سەرباری پاڵپشتی كردنی خۆی بۆ كارەكانی ئەنجوومەكە و لە قەڵەمندانی وەكو ئەنجوومەنێكی شەرعی. پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ داواكارییەكانی كوتلەی توركمانی لە چوارچێوەی سازانی نێوان پێكهاتەکانی سەرەكی و سەرخستنی ئەركەكانی ئەنجوومەنەكە و ناردنی بوودجە و پێویستییەكانی شارەكە كە بەداخەوە ماوەیەكە لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە بڕدراوە بۆ رایكردنی كارەكانی و پێشخستنی خزمەتگوزارییەكانی.
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "داوا دەكەین حكوومەتی ناوەندی سەرجەم موستەحەقاتی پارێزگای كەركوك رەوانە بكات لە مووچە و بوودجە و پترۆدۆلار و پارەی گەشەپێدانی پارێزگاكان و موستەحەقاتی مادەی 140".